رووداو دیجیتاڵ
لە هەفتەیەکدا 63 پارت و چوار هاوپەیمانێتى ویستى خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان گەیاندووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 21ى نیسانى 2025، حوسام هوشام، لە راگەیاندنى فەرمانگەى پارت و رێکخراوەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ چوار هاوپەیمانێتى ویستى بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پێشکێش بە کۆمیسیۆن کردووە."
15ى نیسانى 2025، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەرگاى تۆمارکردن و پێشاندانى ویستى پارت و هاوپەیمانێتی و لیستە سەربەخۆکانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان کردەوە کە تاوەکو 4ى ئایار بەردەوام دەبێت.
حوسام هوشام رایگەیاند: "63 پارتى سیاسی ویستى خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن پێشکێش کردووە".
بەر لە کردنەوەى دەرگاى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتى و لیستە سەربەخۆکان، 326 پارت لە کۆمیسیۆن تۆمارکرابوون کە 310یان کارا بوون و 16ى دیکەیان هەڵوەشێنرابوونەوە یان چالاکییەکانیان وەستابوو، هەروەها 68 هاوپەیمانێتى تۆمارکراو هەن کە دووانیان لە هەرێمى کوردستانن.
ئەو هەنگاوە بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقە، کە بڕیارە لە 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ