کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان درێژناکرێتەوە

06-08-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن کۆمیسیۆن ئەنجوومەنی پارێزگاکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقیش دەڵێت "ژمارەی هاوپەیمانێتییەکان گەیشتووەتە 37 هاوپەیمانی".
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 6-8-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "تاوەکو کاژێر 03:00ــی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ناوی لیست و هاوپەیمانیی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆماردەکرێت و دوای ئەو وادەیە، تۆمارکردن رادەگیرێت".
 
بەگوتەی سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ژمارەی هاوپەیمانیێتی و حیزبەکان گەیشتووەتە 37 هاوپەیمانی و 294 حیزب و 65 حیزبیش لە قۆناخی تۆمارکردندان.
 
لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، عیماد جەمیل دەڵێ "ئەو بابەتە بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دراوە و بەهیچ شێوەیەک درێژناکرێتەوە."
 
لە یەکى تەممووزی 2023ـەوە تۆمارکردنى هاوپەیمانیی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەستیپێکرد و، رۆژی یەکشەممە 30ـی تەممووزی 2023 دوایین وادە بوو، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بڕیاری دا ئەو وادەیە تاوەکو 6ـی ئابی 2023 درێژ بکاتەوە. 
 
دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2013 کراوە، بەڵام لە پارێزگای کەرکووک لە دوای 2005ـەوە ئەم هەڵبژاردنە نەکراوە. ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە