عێراق
ئەنجوومەنى کۆمیسیاران کۆنووسی پێشنیازى پارەى تەرخانکراوى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان پەسند کرد
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەو بڕە پارەیەى دیاریکرد کە پێویستە بەربژێر و لیست و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا خەرجى بکەن، کە 250 دینارە بۆ هەر دەنگدەرێک، بۆ پارت و هاوپەیمانێتییەکانیش 250 دینارە بۆ کۆی بەربژێرەکانیان بۆ هەر دەنگدەرێکی پارێزگاکەیان.
9ـی ئابى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەنجوومەنى کۆمیسیاران کۆنووسی پێشنیازى پارەى تەرخانکراوى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان پەسند کرد، کە 250 دینارە بۆ هەر بەربژێرێک بە لێکدانى لە ژمارەى دەنگدەرانى پارێزگاکە، بۆ پارت و هاوپەیمانێتییەکانیش 250 دینار لە ژمارەى بەربژێرانى و ژمارەى دەنگدەرانى پارێزگاکەى دەدرێت.
عیماد جەمیل گوتى "ئەگەر پارێزگاى موسەننا بە نموونە وەربگیرێت، کە 580 هەزار و 209 دەنگدەرى تێدایە، بۆ هەر بەربژێرێک 250 دینار لەو ژمارە دەدرێت، کە دەکاتە 145 ملیۆن و 52 هەزار و 250 دینار وەک بودجەى بانگەشەى هەڵبژاردنەکەى، بۆ پارت و هاوپەیمانێتییەکەش 250 دینار لە ژمارەى دەنگدەران و دواتر لە ژمارەى بەربژێرەکانى دەدرێت لە لیستەکەدا، ئەو ژمارەیەى دەردەچێت دەبێتە ئەو بڕە پارەیەى، کە رێگە پێدراوە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن خەرجى بکات".
بەگوێرەى ئەو رێنماییە، نابێت بەربژێران یان لیستەکان هیچ بڕە پارەیەک لە لایەنى بیانى یان هەر ناوەندێک وەربگرن بۆ بانگەشە.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، دەبێت بەربژێر یان حیزب و هاوپەیمانی ژمێریارێک دابنێت بۆ رێکخستنى تێچووى هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردن و، وردەکارییەکەى و ئامادەکردنى راپۆرت لەبارەیەوە، لەدواى 15 رۆژ لە کۆتاییهاتنى دەنگدان، راپۆرتى بەرایی لەسەر خەرجییەکان دەداتە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان.
لەدواى راگەیاندنى ئەنجامە بەراییەکان بە 30 رۆژ، بەربژێر، حیزب یان هاوپەیمانی راپۆرتى کۆتایی لەسەر ئەو خەرجیانە پێشکێش دەکات، ئەگەر پێچەوانەى رێنماییەکان بێت، کۆمیسیۆن بۆى هەیە سزاى بدات بە پێبژاردن یان هەڵوەشاندنەوەى راستاندنى هاوپەیمانێتییەکە یان حیزبەکە و هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامى دەنگى بەربژێرەکە و بێبەشکردنى لە بوون بە ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا و سزاکان دەگەنە ئاستى درانە دادگە.
لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 15 پارێزگاى عێراق دەکرێت، بڕیارە لە 18ـی تشرینى دووەم بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێبکات، کە ماوەى مانگێک دەخایێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ