ئەمریکا: ئێران بەرپرسە لەو هێرشانەی لە عێراق دەکرێنە سەرمان

08-11-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران بە بەرپرسیار دەزانن لەو هێرشانەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران لەماوەی یەک مانگی رابردوودا کردوویانەتە سەر بنکە و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا. ئێرانیش لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، رەتیدەکاتەوە دەستی لەو هێرشانەدا هەبووبێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2023، ڤیکتۆریا تایلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە هاوکات کاتدا بەرپرسی کاروباری عێراق و ئێرانە لە نووسینگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیکی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە رەوشی عێراق بە ناوی "کۆنفرانسی دەستپێشخەری عێراق"، لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی چاتم هاوسی بەریتانی لە لەندەن و لە پانێڵێکی تایبەتدا بەناوی "سیاسەتی دەرەوەی عێراق و پێگەی هەرێمی"، ئاشکرای کرد، "لە سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەولێر لە دوای چەند رۆژێک لە دەستپێکردنی جەنگی غەززە، سەرنجیان لەسەر ئەوە بوو چۆن هەوڵبدەن ئەو جەنگە بە ناوچەکەدا بڵاونەبێتەوە و عێراقیش لەو ناکۆکییە تێوەنەگلێت".
 
لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، ڤیکتۆریا تایلەر لەو پانێڵەدا رایگەیاند، "پێموابێت ئێمە زۆر روون بووین بەرامبەر حکومەتی ئێرانی سەبارەت بە مەترسییەکانی جموجۆڵەکانیان کە ناسەقامگیریی بۆ ناوچە دێنن. جارێکی دیکە پەیامەکەمان ئەوەیە، ئێوە وەکو ئێران بەرپرسیارن لە کردەی گرووپە چەکدارەکانی نزیکتان، گرنگیشە ئێران تێبگات لەوەی ئێمە بە بەرپرسیاریان دەبینین بەرامبەر بەو هێرشانەی کراون. پەیامەکەشمان بۆ ئێران کە زۆر روون بووە ئەوەیە، ئێمە نامانەوێت دۆخەکە پەرەبسێنێت و ئێرانیش بەرپرسیارە لە کردەوەکانی هەموو ئەو گرووپانەی پشتگیریان دەکەن، چاوەڕێش دەکەین ئێران پێیان رابگەیێنێت هێرشەکانی سەرمان رابگرن." 
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا "پێنتاگۆن" لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەززە و لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لانیکەم 38 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیاتر لە 40 سەربازی ئەمریکی برینداربوون. 
 
رۆژی 11ـی تشرینی یەکەمی 2023، تایلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 
 
لەو پانێڵەی ناوەندی لێکۆڵینەوە چاتم هاوس لە لەندەن، ڤیکتۆریا تایلەر باسی لە گەشتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "ئەوەی گرنگە باسی کەین ئەو کەشەی لە دوای 7ـی تشرینی یەکەمەوە هاتووەتە ئاراوە. من بەخۆم لە شەشی تشرینی یەکەم واشنتنم بەجێهێشت و 8ـی تشرینی یەکەم لە عێراق بووم. ئەو گەشتەی هەمبوو وامزانی زیاتر سەرنجمان لەسەر پرسەکانی ئابووری و وزە دەبێت، بەڵام زیاتر سەرنجمان لەسەر گرنگی رێگەگرتن بوو لە فراوانبوونی ناکۆکی ئیسرائیل و غەززە و رێگریکردن بوو لەوەی پەل نەکێشێتە نێو عێراقەوە. دۆخەکە بەشێوەیەک بێت کاریگەریی لەسەر توانای ئەمریکا هەبێت بۆ ئەوەی ئەو هاوبەشییە فراوانتر بکات."
 
شەوی 5ـی تشرینی دووەمی 2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە سەردانێکی چاوەڕواننەکراودا، گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، بلینکن گوتی، "من زۆر بە روونی گوتم ئەو هەڕەشە و هێرشانەی لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە دەکرێن، بەهیچ شێوەیەک قبووڵناکرێت. ئێمە هەموو هەنگاوێکی گرنگ دەنێین بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان. ئێمە بەدوای کێشەوە نین لەگەڵ ئێران. ئێمە زۆر روون بووین لەو بابەتە و هەرکارێک دەکەین کە پێویست بێت بۆ پاراستنی کارمەند و سەربازەکانمان، سەرۆکوەزیرانیش لەو پەیامە زۆر روونبوو."
 
ئەمڕۆ، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2023، نامەیەکی بۆ ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژانگ جون، باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەم خولەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناردووە و تێیدا هەموو ئەو بانگەشانەی سەبارەت بە رۆڵی ئێران لە هێرشەکانی ئەمدواییەی دژ بە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق دەکرێن، رەتکردووتەوە.
 
بەگوتەی ئەمیر سەعید ئیرەوانی، ئەو نامەیە لە وەڵامی نامەی باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بووە، کە تێیدا بانگەشەی ئەوە کراوە، ئێران دەستی هەیە لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق.
 
ئیرەوانی گوتی، "هەموو ئەو بانگەشانەی لە نامەکەدا باس کراون، بێ بنەمان و بە تووندی رەتیدەکەینەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهیچ شێوەیەک دەستی لە هیچ کار و هێرشێکی سەر هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراقدا نەبووە."
 
بە گوتەی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا هەوڵدەدات بەپێی شرۆڤەیەکی نادروست مادەی 51ـی بەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پرەنسیپی مافی بەرگریکردن لە خۆ بکاتە بنەما بۆ رەوایەتیدان بە کردەوە سەربازییەکانی لە سووریا و جەختی لەوە کردەوە، "ئامانج لەو بانگەشە بێ بنەمایانە، بیانووهێنانەوەیە بۆ پێشێلکردنی بەردەوامی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەیاننامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ئەمریکا لە نێو خاکی سووریادا."
 
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیکردەوە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا "نایاسایی و داگیرکارییە" و حکومەتی سووریا چەندین جار داوای کردووە، کۆتایی بە بوونی "نایاسایی" هێزەکانی لە نێو خاکی ئەو وڵاتە بهێنێت.
 
سەبارەت بە هێزەکانی ئێران لە سووریاش، ئەمیر سەعید ئیرەوانی گوتی، "بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا یاساییە و لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی سووریا و لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە. ئێران جەخت لە پابەندیی خۆی بە رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەربەخۆیی ئەو وڵاتە دەکات."
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا هەن، هەروەها 900 سەربازیش لە سووریان لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش، ئەو گرووپەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا پانتایەکی فراوانی لەو دوو وڵاتە داگیرکردبوو و دواتر بە گورزی ئاسمانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزی پیادەی ناوچەکە بەرپەرچدرانەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە