عێراق
دوو سەربازی ئەمریکی لە 13-1-2020 لە سەربازگەی عەین ئەسەد لەدوای هێرشێک، خۆڵ و خاشاک پاکدەکەنەوە، وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، رایگەیاند بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار، دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایشی عێراقیان لێ ئاگادارکردووەتەوە، ئەوان لێکۆڵینەوەیان کردووە و دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە، کە پێنج مووشەکی لەسەر هاوێژراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 21-12-2023، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "رۆژی 20-12-2023 کاژێر 07:30 بەیانی بە کاتی عێراق، مووشەکێکی 122 مللیمەتری ئاراستەی بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە عەین ئەسەد کرا لە ئەنبار."
لە بڵاوکراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە "هیچ کەسێک بەو هۆیەوە گیانی لەدەستنەداوە و بریندار نەبووە، هیچ زیانێکی مادیش نەکەوتووەتەوە."
وەک سێنتکۆم باسیدەکات، هێزەکانی ئاسایشی عێراقیان ئاراستەی شوێنەکە کردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هێرش و مووشەکەکە بکەن، لە ئەنجامدا هێزەکان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێک لەو ناوچەیەدا گرتووە، کە بۆ هاوێشتنی پێنج مووشەک وەک سەکۆ بەکارهاتووە.
بەگوێرەی ئەمریکا؛ تائێستا 102 هێرش کراونەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا. دوایین هێرش (پێش ئەو راگەیێندراوەی سێنتکۆم) لە 8-12-2023 بوو بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا. سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی دا بە سزادانى ئەو کەسانەى بەرپرس بوون لەو ناوچەیەى بەغدا، کە هێرشەکەى سەر بە باڵیۆزخانەى ئەمریکاى لێوە کرا و گوتی "هێرشکردنە سەر هەر نێردە و بارەگایەکى دیپلۆماسی، تاوانێکى تیرۆریستییە."
ئەوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، حکومەتی عێراق چەندین جار بەڵێنیداوە نێردە دیپلۆماسییەکان و هێزەکانی ئەمریکاش دەپارێزێت، کە لەسەر داواکاریی عێراق لەوێن "ئەمە، هاوشێوەی مافی بەرگری لەخۆکردنمان، قسەی لەسەر ناکرێت."
ئەمریکا لە وەڵامی ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبووە، لە 3ـی کانوونی یەکەم، بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو لە نزیک کەرکووک و لە ئەنجامدا پێنج چەکداری ئەو گرووپانەی کوشت.
رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، ڤیکتۆریا نولاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا لەبارەی هێرشەکانی سەر بنکە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و داوایکرد عێراق هاوئاهەنگ بێت لە راگرتنی هێرشەکان.
دوای کۆبوونەوەکە نولاند گوتی "ئەوانە تەنیا هێرش نین بۆ سەر ئەمریکا، بەڵکو هێرشن بۆ سەر دامەزراوەکانی عێراق و، سەروەریی عێراق دەخەنە مەترسییەوە."
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێگیرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ