رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیان بەست. وێنە: AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ''لە دانوستاندنەکاندا دوودڵیی جیدیمان بەرامبەر نیاز و ئامانجی لایەنی ئەمریکی هەیە''؛ گوتیشی، بەردەوام رووسیا و چین لە رەوتی دانوستاندنەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئاگادار دەکەنەوە.
ئەمڕۆ هەینی 18-04-2025، عەباس عێراقچی لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە مۆسکۆ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''گفتوگۆیەکی چڕمان لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا لە بواری جیاجیای نێودەوڵەتی، ناوچەیی و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هەروەها بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەبوو.''
بەگوتەی عەباس عێراقچی، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە فەرمی بانگهێشتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری رووسیای کردووە کە سەردانی وڵاتەکەی بکات، ''هیوادارین ئەم ساڵ سەردانەکە رێکبخرێت، ئێستا چاوەڕێی دیاریکردنی کاتێکین بۆ ئەم بابەتە.''
هەرچی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانە، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە گوتی، ''گفتوگۆیەکی زۆر چڕمان لەسەر ئەم بابەتە هەبوو، بەڕێز لاڤرۆڤم لە نێوەرۆکی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئاگادار کردەوە.''
رووسیا رۆڵێکی گرنگی لە رێککەوتنی پێشووی ئەتۆمیی نێوان ئەمریکا و ئێران هەبوو کە دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئەمریکا، تاکلایەنە لە ساڵی 2018 لێی هاتە دەرەوە. عەباس عێراقچی لەو بارەیەوە گوتی: ''ئێمە لە رۆڵی رووسیا لە رێککەوتننامەی پێشووی ئەتۆمی زۆر رازی بووین، چاوەڕوانیمان هەیە لە هەر رێککەوتننامەیەکی نوێدا، دووبارە رووسیا درێژە بە رۆڵی هاوکاریکردنی خۆی بدات''.
وەک وەزیری دەروەی ئێران باسی دەکات، سێرگی لاڤرۆڤ بەڵێنی داوە کە رووسیا ''رۆڵی ئەرێنی بنیاتنەرانە''ـی لە دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەیدا هەبێت، ''بێگومان ئێمە بەردەوام هاوڕێکانمان لە رووسیا و چین، لە گۆڕانکارییەکان و رەوتی دانوستاندن ئاگادار دەکەینەوە.''
قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدان، بڕیارە سبەی شەممە لە گەڕی دووەمی دانوستاندنەکاندا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئیتاڵیا کۆببێتەوە.
عێراقچی گوتی، ''ئەگەر چی دوودڵیی جیدیمان بەرامبەر نیاز و ئامانجی لایەنی ئەمریکی هەیە، بەڵام ئێمە لە دانوستاندنەکانی بەیانی جیدی دەبین و بە ئیرادەی تەواوەوە بەشداری دەکەین.''
''بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە ئامادەیی تەواومان هەیە''
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ "بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ئەتۆمیی ئێران"، بە تەواوی ئامادەییان هەیە و گوتی: "ئەگەر ئیرادەیەکی هاوشێوەش لەلایەنی بەرامبەر هەبێت و داواکاریی ناماقووڵیان نەبێت، ئەگەری هەیە بگەینە رێککەوتن.''
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە دەیەوێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەگەڵ ئەو وڵاتە گفتوگۆ بکات، لە هەمانکاتیشدا هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر گفتوگۆکان نەگەنە ئامانج، ئێران بۆردوومان دەکرێت.
عەباس عێراقچی ئاماژەی بە ''گوتاری دژ بە یەکی ئەمریکییەکان'' لەبارەی دانوستاندن و شەڕ کرد و گوتی، ''ئێمە ئەو بابەتانە لەبەرچاودەگرین کە لەسەر مێزی دانوستاندن دەخرێنەڕوو، سبەی گوێ لە هەڵوێستی ئەمریکا دەگرین، ئەگەر جدی بن و ئیرادەی راستەقینەیان هەبێت، ئەگەری گەیشتنە رێککەوتن هەیە.''
''دانوستاندنەکان ناڕاستەوخۆ دەبن''
ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەکرێن؛ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ ''هەڕەشەکانی ئەمریکا، گوشارە ئابوورییەکان و سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار'' دەگەڕێنێتەوە کە خراوەتە سەر وڵاتەکەی، ''ئێمە ناتوانین لەگەڵیان بچینە دانوستاندنێکی راستەوخۆوە، بەڵام رێگەی دیپلۆماسی کراوەیە و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە دانوستاندن بەردەوام دەبین.''
یەکەم گەڕی دانوستاندنەکانی پرسی ئەتۆمیی ئێران، 12ـی نیسان بە سەرۆکایەتیی عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو، کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.
عەباس عێراقچی گوتی، ''لە گەڕی یەکەمدا تاوەکو رادەیەک جیدیبوونمان لە لایەنی بەرامبەر بینی. ئامادەیی ئەوان بۆ چوونە نێو دانوستاندنێکی جیدی تەنیا لە بواری ئەتۆمی و بەبێ خستنەبەرباسی پرسی دیکە، دەتوانێت ئێمە بباتە نێو گوفتوگۆیەکی بنیاتنەرانە.''
''رووسیا سەرەکیترین هاوبەشی ستراتیژیی ئێمەیە''
وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆ، لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری رووسیاش کۆبووەتەوە و لەوبارەوە گوتی، ''دوێنێ دیدارێکی زۆر باش و دوور و درێژمان لەگەڵ بەڕێز پووتین هەبوو و پەیامی نووسراوی رێبەرم پێگەیاند.''
عەباس عێراقچی لەبارەی پەیامەکەی عەلی خامنەییەوە گوتی، ''ئەوە پەیامێک بوو بۆ بەڕێز پووتین و پەیامێکیش بوو بۆ هەموو جیهان کە ئێران، رووسیا بە هاوبەشی سەرەکی و ستراتیژیی خۆی دەزانێت و لە پرسە گرنگەکاندا راوێژی لەگەڵ دەکات.''
عێراقچی پەیوەندییەکانی ئێران و رووسیا بە ''زۆر باش'' دەزانێت و دەڵێت، ''لەوانەیە هیچ کات لە مێژووی خۆیدا بەو رادەیە پتەو نەبووبێت''.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان وڵاتەکەی و رووسیا کرد، کە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لەلایەن ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و مەسعود پزیشکیانی هاوتا ئێرانییەکەی واژۆکرا و گوتی، ''رێککەوتنەکە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی ئێمە دەگەیێنێتە ئاستێکی بەرزتر و بناخەی پەیوەندییە نوێیەکانی ئێمە پێکدەهێنێت.''
8ـی نیسانی 2025 ئەنجوومەنی نوێنەرانی رووسیا رێککەوتنە ستراتیژییەکەیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکان لەگەڵ ئێران پەسند کرد، ئەمەش هەوڵی مۆسکۆ پێشاندەدات بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لە هاوپەیمانەکەی.
دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکانی عێراقچی لە رووسیا، چاوەڕوان دەکرێت سبەی بۆ بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا، بەرەو ئیتاڵیا بەرێ بکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ