سوودانى و شەرع بۆ یەکەمجار کۆبوونەوە

17-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆکى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر، لە دەوحەى پایتەختى قەتەر کۆبوونەوە و باسی دۆخى سووریا و ناوچەکەیان کرد.
 
میدیاى فەرمى عێراق لەسەر زارى سەرچاوەیەکى حکومەتەوە رایگەیاند: سەرۆکوەزیران سەردانێکى "خێرا"ى بۆ دەوحەى پایتەختى قەتەر کردووە و لەوێ چاوى کەوتووە بە تەمیم بن حەمەد ئالسانی، ئەمیرى قەتەر و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر.
 
سەرچاوەکەى حکومەتى عێراق گوتوویەتى: "دیدارە سێ قۆڵییەکە بەهۆى رووداوە خێراکانى ناوچەکە و بە تایبەت سووریا بووە".
 
ئەوە یەکەم کۆوبونەوەى نێوان سوودانى و شەرعە کە ئەنجامبدرێت، لە دواى رووخانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا لە 8ى کانوونى دووەمى 2024 .
 
بە گوێرەى میدیای فەرمى عێراق، سوودانى لەو کۆبوونەوەیە رایگەیاندووە کە حکومەتەکەى بە چڕى چاودێریى گۆڕانکارییەکانى سووریا دەکات و جەختى لەسەر پرۆسەیەکى سیاسى گشتگیر و پاراستنى پێکهاتەکان و فرەیی کۆمەڵایەتى ئاینى و نیشتمانى لە سووریا کردووەتەوە، داواشی کردووە پیرۆزگاکان بپارێزرێت و رێز لە مافى مرۆڤ بگیرێت، بەتایبەت دواى ئەو رووداوانەى بەرامبەر بە عەلەوییەکان لە سووریا روویدا. 
 
هەروەها سوودانى بە پێویستى زانیوە  حکومەتى نوێى سووریا هەنگاوى کرداری و جیدى بنێت بۆ دژایەتیکردنى داعش.
 
بە گوتەى سەرچاوەکەى حکومەتى عێراقى، سوودانى رایگەیاندووە کە پێشەڤەچوونى هەستپێکراو لەو دۆسیانەدا دەکرێت هاوکار بێت لە بونیاتنانى پەیوەندییەکى گەشەپێدەر و دۆزینەوەى هاریکارییەک کە لە بەرژوەندى هاوبەشی هەردوولا وڵات بێت و ببێتە مایەى بەهێزکردنى ئاسایش و سەقامگیرى لە ناوچەکە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە