ئیسرائیل 30٪ـی کەرتی غەززەی چۆڵکردووە و کردوویەتییە زۆنی ئاسایش

17-04-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
ئیسرائیل دەڵێت، ئامانجی کارەکەیان گوشارکردنە لەسەر حەماس.
ئیسرائیل دەڵێت، ئامانجی کارەکەیان گوشارکردنە لەسەر حەماس.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە و دەڵێت، ئامانجیان فراوانکردنی زۆنی ئاسایشی وڵاتەکە و گوشارکردنە بۆ سەر حەماس تاوەکو بارمتەکان ئازاد بکات.
 
ئەحمەد دەواس، ئاوارەیەکی کەرتەکەیە و باس لەوە دەکات، "لەدوای ساڵێک و نۆ مانگ هیچ وشەیەک بۆ ئێمە نەماوە بە جیهانی بڵێین، جیهان خەوتووە، بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی." 
 
ئیبراهیم قەود، ئاوارەیەکەی دیکەی کەرتەکەیە و دەڵێت، "556 رۆژە کەس لەئێمە ناپرسێتەوە، جا ئەوە وڵاتانی عەرەبییە، بیانییەکانن، ئەمریکییەکان یان ئیسرائیل، ئێمە هیچمان نەماوە، نە خۆراک و نە ئاو، هیچ نەماوە." 
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە 30٪ـی کەرتی غەززەی خستووەتە نێو زەوی ئاسایشی خۆی، ئەمەش بە واتایەی ئەو رووبەرە لە غەززەییەکان چۆڵکراوە. جگە لەوەش سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی 65٪ی کەرتەکەی داوە.
 
زیاد شامی،  ئاوارەیێکی دیکەی کەرتەکەیە و لەبارەی ئاگربەستەوە باس لەوە دەکات، "ئاگربەست چیدیکە هیچ واتایەکی بۆ ئێمە نییە، لەبەرئەوەی ئاگربەست بەوشێوەیە دەبێت کە بۆردوومان رابگیرێت، بەڵام ئێمە هەر لە ئاوارەیی و وێرانکاریی و نەهامەتیدا دەمێنینەوە." 
 
چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل لەکاتێکدایە، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لەوکاتەی ئیسرائیل دەستی بەهێرشەکانی کردووەتەوە لە 18ـی مانگی رابردووەوە؛ زیاتر لە 500 هەزار فەلەستینی ئاوارە بوونەتەوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە