رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆمارى لوبنان تەلەفۆن بۆ سەرۆکوەزیرانى عێراق دەکات بۆ روونکردنەوە لەبارەى لێدوانێکى سەبارەت بە حەشدی شەعبی.
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ى نیسانى 2025، لە نێوان جۆزێف عۆن، سەرۆککۆمارى لوبنان و محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کراوە.
بە گوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، جۆزێف عۆن روونکردنەوەى بە محەممەد شیاع سوودانى داوە لە بارەى سروشت و ناوەڕۆکى لێدوانێکى، کە تێیدا باسی حەشدى شەعبی کردووە.
ئەو روونکردنەوەیە دواى ئەوە بوو لە 14ى نیسان، جۆزێف عۆن لە چاوپێکەوتنێکدا گوتى: "ئەزموونى حەشدی شەعبی لە عێراق دووبارە ناکەینەوە لە تێکەڵکردنى حیزبوڵڵا بە سوپاى لوبنان،" ئەو لێدوانە کاردانەوەى عێراقى لێکەوتەوە.
نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەداوە کە جۆزێف عۆن لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا رایگەیاندووە کە لوبنان شانازی و پێزانینى هەیە بۆ پێگەى عێراق و دامەزراوە سەربازییەکانى، لەگەڵ هەڵوێستەکانى حکومەتى عێراق بۆ پاڵپشتى گەلى لوبنان لە چەندین قەیران و ئاڵنگاریدا.
16ى نیسان وەزارەتى دەرەوەى عێراق عەلى حەبحاب، باڵیۆزى لوبنانى لە بەغدا لەبارەى ئەو لێدوانەى سەرۆککۆمارى وڵاتەکەى بانگهێشت کرد بۆ گەیاندنى ناڕەزایی.
لەو بانگهێشتەدا محەممەد بەحرولعلوم، بریکارى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بە باڵیۆزى لوبنانى گوت: "عێراقییەکان بەو لێدوانە نائاسوودە بوون و نەدەبوو عێراق بخزێنرێتە نێو قەیرانى ناوخۆى لوبنانەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ