سوپای عێراق 10 مووشەکی تەقاندەوە کە بۆ هێرشکردنە سەر عەین ئەسەد ئامادە کرابوون

15-11-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
بەرپرسێکی پارێزگای ئەنبار رەتیکردەوە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد بۆردوومان کرابێت و دەڵێت، سوپای عێراق ژمارەیەک مووشەکی تەقاندووەتەوە کە بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکە ئامادە کرابوون.
 
شرجبیل عوبێدی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەغدادی سەر بە قەزای هیت لە پارێزگای ئەنبار، رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سوپای عێراق لە جەزیرەی هیت دەستی بەسەر 10 مووشەکدا گرت، کە ئامادەکرابوون بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد، دواتر لەلایەن تیمی ئەندازە مووشەکەکان تەقێنرانەوە، بەبێ ئەوەی سەربازگەکە بکرێتە ئەمانج. 
 
پێشتر میدیاکانی عێراق، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئامانجگرتنی بنکەی سەربازی عەین ئەسەدیان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دەنگی تەقینەوە لە دەوروبەری بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بیستراوە."
 
گرووپێکی چەکداری شیعەش کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و سووریا" دەناسێنن، رۆژی چوارشەممە لە کەناڵی تێلیگرام بڵاویان کردەوە، کە چەند مووشەکێکیان ئاراستەی بنکەی عەین ئەسەد کردووە.
 
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 14-11-2023 راگەیاند، "لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو ئەمڕۆ، 55 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا. 27 لەو هێرشانە لە عێراق و 28 هێرشیان لە سووریا بوون."
 
لەبارەی زیانەکان جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، تائێستا 59 سەربازییان بە سووکی بریندار بوون، بەڵام سەرجەمیان چارەسەرکراون و گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە