بەهۆی بۆردوومانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن لانیکەم 38 کەس کوژراون

18-04-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
پاشماوەی سووتانی بەندەرەکە.
پاشماوەی سووتانی بەندەرەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو ئەمریکا بۆردوومانی بەندەرێکی پارێزگای عودەیدیەی لە یەمەن کرد. میدیای حووسییەکان دەڵێت،لانیکەم 38 کەس کوژراون.
 
میدیای حووسییەکان ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لانیکەم 38 کەس کوژراون و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربوون. ئەمەش یەکێکە لە کوشندەترین هێرشی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن. 
 
بەندەری رەئیس عیسا بە یەکێک لە بەندەرە گرنگەکانی یەمەن بۆ گواستنەوەی دەریایی دادەندرێت. 
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکیان کرد بۆ نەهێشتنی سەرچاوەی سووتەمەنی بۆ تیرۆریستانی حووسی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیدەکرێن."
 
سێنتکۆم دەشڵێت، "ئامانجی ئەو بۆردوومانانە کەمکردنەوەی سەرچاوەی هێزی ئابووریی حووسییەکانە". ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردوومانەکە دوای ئەوە بووە کە کەشتییەکان بەردەوام بوون لە گواستنەوەی سووتەمەنی لە رێگەی بەندەری رەئس عیساوە . 
 
دوای ئەو بۆردوومانەی دوێنێ شەوی ئەمریکا، ئەمڕۆ بەیانی حووسییەکان مووشەکێکیان گرتە ئیسرائیل. سوپای ئیسرائیل لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، توانیان ئەو مووشەکە بخەنە خوارەوە، کە لە یەمەنەوە گیرابووە وڵاتەکەیان و مەترسییەکان نەهێڵدران. 
 
لە 15ـی ئاداری ئەم ساڵەوە ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن چڕکردوونەتەوە. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، هێرشەکانیان بۆ سەر حووسییەکان بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی ئەو گرووپە هێرشەکانی بۆ سەر ئەو کەشتییانە رادەگرێت کە بە دەریای سووردا دەڕۆن.
 
حووسییەکان لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو کەشتییانە دەستپێکردووە و دەڵێن، هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو کەشتییانە بەردەوام دەبن تاوەکو راگرتنی جەنگی حەماس و ئیسرائیل.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە