رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی حەماس رایدەگەیێنێت، ئەوان ئامادەن هەموو بارمتەکان ئازاد بکەن، بەو مەرجەی ئیسرائیل جەنگ رابگرێت و بەندکراوە فەلەستینییەکان ئازاد بکات.
رۆژی پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025، خەلیل حەیا، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە کە سەرۆکی تیمی دانوستاندکاری گرووپەکەشە رایگەیاند، حەماس چیدیکە بە ئاگربەستی کاتی رازی نابێت.
ئەو بەرپرسەی حەماس ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان ئامادەن دەستبەجێ "دانوستاندن بۆ پاکێجێکی گشتگیر" بکەن بۆ ئەوەی هەموو بارمتەکان ئازاد بکەن و لە بەرامبەریشدا جەنگی غەززە بوەستێت و ئیسرائیلیش بەندکراوە فەلەستینییەکان ئازاد بکات.
حەیا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە "رێککەوتنی کاتی بۆ برەودان بە بەرنامە سیاسییەکەی بەکاردەهێنێت".
میسر و قەتەر لە هەوڵەکانیان بۆ ئاگربەستی غەززە بەردەوامن، بەڵام تائێستا هیچ پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکان دروست نەبووە و هەردوولا یەکدی تۆمەتبار دەکەن.
جەیمس هیوت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا دەڵێت، "لێدوانەکانی حەماس دەریدەخات کە ئەوان بەدوای ئاشتییەوە نین، بەڵکو بەدوای تووندووتیژین. ئەو مەرجانەی کە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە دانراون نەگۆڕاون: بارمتەکان ئازاد بکەن یان رووبەڕووی دۆزەخ ببنەوە."
دواین گەڕی گفتوگۆکان رۆژی 14ـی ئەم مانگە بوو و لە قاهیرە بەڕێوەچوو، بەڵام بەگوتەی چەند سەرچاوەیەکی فەلەستینی و میسری، هیچ پێشکەوتنێک رووینەداوە.
هەمان رۆژ، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، پێشنیازێکی نوێی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بەدەست گەیشتووە.
بەگوتەی بەرپرسێکی حەماس، ئیسرائیل لە بەرامبەر ئاگربەستێکی 45 رۆژەدا داوای ئازادکردنی 10 بارمتەی زیندووی کردووە.
14ـی نیسانی 2025، تاهیر نونو، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند: "ئامادەین لە بەرامبەر رێککەوتنێکی جیدیی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هەموو دیلەکانی ئیسرائیل ئازاد بکەین."
هەریەکە لە میسر و قەتەر لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک بۆ گەیشتن بە ئاگربەست بدۆزنەوە.
ئەو بەرپرسەی حەماس ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد، رێگری دەکات لەوەی هیچ پێشکەوتنێک بە ئاراستەی ئاگربەستەکە هەبێت و گوتی: "بابەتەکە ژمارەی دەستگیرکراوەکان نییە، بەڵکو ئەوەیە کە داگیرکار پاشگەز دەبێتەوە لە پابەندییەکانی و رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی تایبەت بە ئاگربەست دەکات".
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە لە 19ـی کانوونی دووەم دەستیپێکرد و دوو مانگ بەردەوام بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ