رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

دیداری ئەردۆغان و سوودانی لە چوارچێوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە 25-9-2024. وێنە: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە فەرمى بانگهێشتنامەى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیاى بەدەست گەیشتن بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى هاریکاریى ستراتیژیى نێوانیان کە بڕیارە لە مانگى ئایارى داهاتوو لە تورکیا بکرێت.
ئەو بانگهێشتنامەیە لەلایەن ئەنل بۆڕا ئینان، باڵیۆزى تورکیا لە عێراق رادەستى محەممەد شیاع سوودانى کرا دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ى نیسانى 2025، لە بەغدا کۆبوونەوە.
بە گوێرەى راگەیێنراوى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا سوودانى پەرۆشیى حکومەتەکەى بۆ بەردەوامیى پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا دەڕبڕیوە.
13ى نیسانى 2025، پێنجەمین کۆبوونەوەى میکانیزمى ئەمنیى باڵاى عێراق و تورکیا لە شارى ئەنتاڵیا ئەنجام درا و بە گوێرەى راگەیێنراوى کۆبوونەوەکە،سەردانى سەرۆکوەزیرانى عێرا بۆ تورکیا لە 8ى ئایار ئەنجام دەدرێت.
لە کۆبوونەوەى لەگەڵ باڵیۆزى تورکیا، سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى کرد سەرجەم دۆسیە هاوبەشەکانى نێوانیان ئامادە بکرێت، کە بوارەکانى ئاسایش و ئاو و پیشەسازیى و وزە و گواستنەوە و پیشەسازیى جەنگى و بازرگانى و خوێندى باڵا دەگرێتەوە، بۆ ئەوەى کە ئەنجامى کۆبوونەوەکان بە شێوەیەک بن هاریکاریی نێوایان بەهێز بکات و بەرژەوەندیى هەردوو وڵات بهێنێتەدى.
ئەنجوومەنى هاریکاریى ستراتیژیی نێوان تورکیا و عێراق لە 22ى نیسانى 2024 پێکهێنرا، کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانى بەغداى کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ