ئیسرائیل دەڵێت، هیچ هاوکارییەکی مرۆیی ناچێتە غەززە

17-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل دەڵێت، لە راگرتنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە بەردەوام دەبێت، کە تێیدا هێرشێکی نەبڕاوەی سەربازی بەردەوامە و پزیشکانی بێسنوور دەڵێت، غەززە بووەتە "گۆڕی بەکۆمەڵ".
 
رۆژی چوارشەممە 16-04-2025 یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە رێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی هاوکاری بۆ غەززە.
 
کاتس گوتی: "سیاسەتی ئیسرائیل دیارە: هیچ هاوکارییەکی مرۆیی ناچێتە نێو غەززە، راگرتنی ئەو هاوکارییە یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی گوشارکردن بۆ ئەوەی حەماس وەکو ئامرازێک بەکاری نەهێنێت."
 
رۆژی 18ـی ئادار ئیسرائیل دەستی بە هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی کردەوە، کۆتایی بە ئاگربەستێکی دوو مانگە هێنا. راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان لە 02-03-2025 دەستیپێکرد و دۆخی خراپی کەرتەکەی خراپتر کرد. 
 
کاتس هەروەها گوتی: "ئێستا هیچ لایەنێک پلانی ئەوەی نییە رێگە بۆ چوونەژوورەوەی هاوکاری بۆ نێو غەززە بکاتەوە، هیچ ئامادەکارییەکیش نەکراوە."
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ سێشەممە سەردانی سەربازانی وڵاتەکەی لە باکووری غەززە کرد و گوتی، گوشاری سەربازی تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی ئەو 58 بارمتەیە رزگار بکرێن، کە ئێستا لە غەززەن.
 
نەتەنیاهوو گوتی: "حەماس گورز لە دوای گورزی بەردەکەوێت، ئێمە پێداگیرین لەسەر ئەوەی بارمتەکان رزگار بکەن، پێداگیرین لەسەر ئەوەی هەموو ئامانجەکانی جەنگ بەدەستبهێنین."
 
'دنەدان'
 
وەزارەتی دەرەوەی دەسەڵاتی فەلەستین کە بارەگاکەی لە رامەڵڵای کەرتی رۆژئاوایە، ئەو سەردانەی نەتەنیاهووی بۆ غەززە سەرکۆنە کرد و گوتی: "ئەمە دنەدانە و مەبەستیان لێی، درێژکردنەوە و چڕکردنەوەی تاوانی جینۆساید و ئاوارەکردنی زۆرەملێی غەززەییەکانە."
 
رێکخراوی خێرخوازیی پزیشکانی بێسنوور (MSF) گوتی، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل و راگرتنی هاوکارییەکانی غەززە، کەرتەکەی بۆ "گۆڕێکی بەکۆمەڵ" گۆڕیوە.
 
ئاماندێ بازێرۆلی، هاوئاهەنگیکاری رێکخراوەکە گوتی: "هیچ شوێنێکی پارێزراو بۆ فەلەستینییەکان و تیمە فریاگوزارییەکان نییە."
 
رۆژی دووشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا، غەززە بە خراپترین قەیرانی مرۆییدا تێدەپەڕێت.
 
بڕیارە رۆژی 28-04-2025 دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە هۆڵەندا، چەند دانیشتنێک لەسەر پابەندییەکانی ئیسرائیل بۆ ناردنی هاوکاریی غەززە بکات.
 
کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، لە پڕۆژەبڕیارێکدا داوایکرد دادگەکەی هۆڵەندا بۆچوونی خۆی لەسەر ئەم بابەتە بخاتەڕوو.
 
کۆمەڵەکە داوایکرد، دادگەی (ICJ) روونیبکاتەوە کە چی لەسەر ئیسرائیل پێویستە بۆ "ئاسانکردن و دڵنیابوونەوە لە ناردنی هاوکاری بۆ دانیشتووانی غەززە."
 
بڕیارەکانی ئەو دادگەیە پابەندکەرن، بەڵام دادگەکە هیچ رێگەیەکی نییە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە ناچار بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکات.
 
ئیسرائیل لە هێرشەکانی بەردەوامە. ئەمڕۆ چوارشەممە بەرگریی شارستانیی غەززە بڵاویکردەوە، لانیکەم 11 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە کوژران.
 
لە 18ـی ئاداراوە لانیکەم هەزار و 652 کەس کوژراون و کۆی کوژراوان گەیشتووەتە 51 هەزار و 25 کەس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پاشماوەی هێرشی دوێنێ شەوی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. وێنە: AFP

بەرگریی شارستانیی غەززە دەڵێت، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونە هۆی کوژرانی 16 کەس

مەحموود بەسال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە گوتی، شەش کەس لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردوو لە شاری خان یوونس لە باشووری کەرتی غەززە کوژران؛ لەنێو کوژراوەکاندا دوو منداڵی تەمەن پێنج و دوو ساڵان هەبوون کە لە ماڵەکەیاندا کوژران.