رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هیزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی گرتووخانەی سناعەی لەناوچەی غوێران لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی کانوونی دووەمی 2022، فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند" لەهەڵمەتی سەربازیی چەکوشی گەلاندا بەتەواوەتی گرتووخانەی سناعە لە حەسەکە لەلایەن هێزەکانمانەوە کۆنتڕۆڵکرا و سەرجەم ئەندامانی داعش خۆیان رادەستکرد".
شەوی پێنجشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2022، لە رێگەی چەند ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر گرتووخانەیەکی حەسەکە، کە بە گرووخانەی سناعە یان غوێران ناسراوە و 5000 چەکداری پێشووی داعشی تێدایە. هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزێکی زۆری لە دەوروبەری گرتووخانەکە بڵاوکردەوە و ژمارەیەک لە ئەندامانی هەسەدە لەوانەی لە گرتووخانەکە بوون لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بە بارمتە گیرابوون و بەپێی هەسەدە 23 کەسیان لێیان رزگارکردووە.
هەسەدە رۆژی سێشەممە 25ی کانوونی دووەم رایگەیاند زیاتر لە 550 چەکداری داعش خۆیان رادەستی هێزەکانیان کردووەتەوە و ئەمڕۆ چوارشەممەش رایگەیاند ژمارەیەکی دیکەش خۆیان رادەستکردووەتەوە.
لە هێرشەکەی گرتووخانەی حەسەکە لە غوێران و رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکاندا لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە بەدەیان چەکداری داعش کوژراون کە بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ زیاتر لە 100 چەکدار دەبن، جگە لە نزیکەی 40 کەس لەهێزەکانی هەسەدە و زیاتر لە 7 کەس لە دانیشتووانی نزیک لە گرتووخانەکە گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ