مەزڵووم عەبدی: هێرشکارەکانی ئەنقەرە لە ناوچەکانی ئێمەوە نەچوون وەکو بەرپرسانی تورکیا باسی دەکەن

04-10-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن هەسەدە تورکیا مەزڵووم عەبدی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نیگەرانی خۆی لەبارەی هەڵکشانی گرژییەکانی تورکیا لە دژی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی هێرشەکەی بەردەم بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش لە ئەنقەرە دەربڕی و رەتیشیکردەوە ئەو دوو کەسەی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکە خۆیان تەقاندەوە، لە ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە چووبنە تورکیا.
 
مەزڵووم عەبدی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4-10-2023) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وەڵامی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای داوەتەوە کە ئەمڕۆ رایگەیاندبوو، هێرشکارەکان لە سووریا (رۆژئاوای کوردستان) مەشقیان کردووە و لەوێشەوە هاتوونەتە تورکیا بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری تورکیا. 
 
مەزڵووم عەبدی، لە پۆستەکەیدا نوسیوویەتی "ئەنجامدەرانی هێرشەکەی ئەنقەرە لە ناوچەکانی ئێمەوە نەچوون وەکو بەرپرسانی تورکیا باسی دەکەن. وەک چۆن ئێمە بەشێک نین لە ململانێی نێوخۆی تورکیا، هانی پەرەسەندنیشی نادەین." 
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو "تورکیا بەشوێن پاساو بۆ هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ناوچەکەمان دەگەڕێت، هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکەمان مایەی نیگەرانیمانن. هەروەها بەئامانجگرتنی ژێرخان و سەرچاوە ئابوورییەکانی ناوچەکە و شارە پڕ لە دانیشتووانەکان، تاوانی جەنگە و پێشتر بینیومانە." 
‏ 
‏مەزڵووم عەبدی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات رێوشوێنی گونجاو لەبەرامبەر ئەو هەڕەشە دووبارەبووەوانە بگرنەبەر و گەرەنتیی ئاشتی و سەقامگیریی بکەن.
 
کاژێر 09:30 خولەکی رۆژی یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشکرایە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا. 
 
دوای هێرشەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی هێرشکارەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە "ئەندامی کەتیبەی فیدایی نەمران"ـن هێرشەکەیان کردووە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشی لەگەڵ هاوشانە قوبرسییەکەیدا باسی لە دوایین پێشهاتی لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەی سەر بارەگای ئاسایشی گشتیی تورکیا لە ئەنقەرە کرد. 
 
هاکان فیدان گوتی "لە ئەنجامی بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکانمان دەرکەوت، هەردوو تیرۆریستەکە لە سووریاوە هاتوون و هەر لەوێش مەشقیان کردووە." گوتیشی: ''لەمەودوا گشت دامەزراوەکانی ژێرخان و سەرخان و دامەزراوەکانی وزەی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە بەتایبەتی لە عێراق و سووریا، ئامانجی رەوای هێزە ئەمنییەکان، سوپا و دەزگای هەواڵگرییمانن."
 
هاکان فیدان هۆشداری دایە لایەنەکان، خۆیان بەدوور بگرن لە دامەزراوەکانی پەکەکە و گوتی "هۆشداری بە لایەنی سێیەم دەدەین، خۆیان لە دامەزراوەکانی تیرۆریستان بەدوور بگرن بۆ ئەوەی زیانیان بەرنەکەوێت. وەڵامی سوپا زۆر روون و ئاشکرا دەبێت. تیرۆریستان جارێکی دیکە بەم کردەوە تیرۆریستییەی کردوویانە، پەشیمان دەبنەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رەفیق حەریری لە بەیرووت

بەڕێوەبەری گەورەترین نەخۆشخانەی لوبنان بۆ رووداو: لە قەیرانێكی گەورەی تەندروستیداین

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رەفیق حەریری کە گەورەترین نەخۆشخانەی حکومیی لوبنانە رایگەیاند، گوشارێکی زۆر لەسەر کەرتی تەندروستیی لوبنانە، ئەویش بەهۆی تیماری بریندارانی هێرش و بۆردوومانەکان، هەروەها بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە پەناگەکان بەهۆی قەرەباڵخییەوە.