رووداو دیجیتاڵ
دەوربەری شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان بەیانیی ئەمڕۆ بە درۆن بۆردوومان کرا، بەهۆی بۆردوومانەکەشەوە سێ کەس بریندار بوون.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە دانیشتووانی ناوچەکە دەست رووداو کەوتوون، بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 05-10-2023) ناوچەی مشێریفا حمێ لە باکووری شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بە درۆن بۆردوومان کراوە و بەهۆی هێرشە درۆنییەکەوەش، سێ کەس بریندار بوون.
لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا ئەوە دووەمجارە سنووری حەسەکە بە درۆن بۆردوومان دەکرێت. رۆژی چوارشەممەش 04-10-2023 بە درۆن هێرشکرایە سەر کارگەیەکی قرمیت، لە ئەنجامدا چوار کەس بریندار بوون.
لە دوای هێرشە خۆکوژییەکەی سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی تورکیا لە ئەنقەرە، لە رۆژی 1ـی ئەم مانگەدا، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە و یەپەگە زیاتر بوون.
شەوی یەکشەممە 01-10-2023 وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند 16 پێگەی پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج. وەزارەتەکە هەروەها رۆژی چوارشەممە 04-10-2023 رایگەیاند، 22 پێگەی دیکەی پەکەکەیان هەر لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ