رووداو دیجیتاڵ
رێكخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "لەسەر بڕیاری خۆمانین و بەشداری لە حکومەت دا ناکەین، تائێستا هیچ لایەنێکیش سەردانی نەکردووین."
ئەمڕۆ (شەممە، 9 تشرینی یەکەم) چۆمان محەممەد، رێكخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیوادارین بابەتی پێکهێنانی حکومەت وەک پێش هەڵبژاردن نەبێت، بەو شێوە ئاڵۆز و داخراوە بەڕێوەنەچێت."
رێكخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، "ئێمە لەسەر هەمان بڕیارین کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دابوومان، بەشداری لە حکومەت ناکەین، وەکو ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە، چونکە هەرێمی کوردستان پێویستی بە پەرلەمانێکی کارا و متمانەپێکراوە."
گوتیشی، "تائێستا هیچ لایەنێک سەردانی نەکردووین، پێویست بوو لاینە ناڕازییەکانیش مکوڕ بن لەسەر بڕیاری خۆیان، بەڵام هەندێکیان بڕیاریان گۆڕیوە."
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، جگە لە پارتی و یەکێتی، هەریەک لە نەوەی نوێ، تورکمان و سۆسیال دیموکرات ئامادەن بەشداری لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن. هەریەکە لە رەوتی هەڵوێست، کۆمەڵ و یەکگرتووش بەشداربوون رەتدەکەنەوە و بەرەی گەلیش یەکلا نەبووەتەوە کە دەچێتە پەرلەمان یان نا.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شاندی جیایان پێکهێناوە و بڕیارە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای یەکلاییبوونەوەی تانەکان، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن بکەن.
30-10-2024 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی 20-10-2024ـی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە و سێ رۆژی بۆ تانەدان لە ئەنجامەکان دیاریکرد. ئێستا تانەکان تەواو بوون و چاوەڕوان دەکرێت لە کەمتر لە دوو هەفتەی داهاتوودا دەستەی دادوەریی کۆمیسیۆن یەکلایان بکاتەوە و ئەنجامی پەسندکراو بڵاوبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ