ئەبوبەکر کاروانی: خۆبەربژێرکردنەوەم بۆ پۆستی ئەمینداریی یەکگرتوو یەکلایی نەبووەتەوە

09-11-2024
پەیمان محەممەد
ئەبوبەکر کاروانی، سیاسەتڤان
ئەبوبەکر کاروانی، سیاسەتڤان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆنگرە ببەستێت. بەربژێرێکی کۆنگرەی هەشتەمی حیزبەکە بۆ پۆستی ئەمینداریی گشتی دەڵێت، تاوەکو ئێستا خۆی یەکلایی نەکردوەتەوە کە ئایا خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری ئەو حیزبە بەربژێر دەکاتەوە یان نا. 
 
رۆژی شەممە 09-11-2024، ئەبوبەکر کاروانی، سیاسەتڤان و بەربژێری پۆستی ئەمیندار لە کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا خۆی یەکلایی نەکردوەتەوە کە ئایا خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی بەربژێر دەکاتەوە یان نا.
 
ئەبوبەکر کاروانی گوتی، ''دۆخەکە لە قازانجی خۆبەربژێرکردنەوەماندا نییە. ئێمە خاوەنی پڕۆژەی نوێکردنەوەی یەکگرتوو بووین. ئەگەر هەست بکەین زەوینەی کارکردن بۆ ئەو پڕۆژەیە کەم بووەتەوە یان ئازادی لەبەردەمماندا بەرتەسک بووەتەوە، لەوانەیە بیرکردنەوەیەکی جیاوازترمان هەبێت''. 
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بڕیاری داوە بەر لە کۆتایی ئەم ساڵ نۆیەمین کۆنگرەی خۆی ببەستێت. ئەو سیاسەتڤانە گوتی، ''بۆیان هەبوو ساڵێک کۆنگرە دوابخەن. ئێستا دوو مانگ لەو کاتە سرووشتییە ماوە کە پەیڕەوی نێوخۆ دەسەڵاتی داوەتە سەرکردایەتی بۆ دواخستنی کۆنگرەکە؛ لەوانەیە بیانەوێت لە کاتی خۆیدا [لە دوو مانگی داهاتوودا] وەک نەریتێکی یەکگرتوو کۆنگرە ببەستن.''
 
بەگوتەی ئەبوبەکر کاروانی، لە کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامیدا باسی نوێکردنەوەی حیزبەکە لەئارادا نابێت و رایگەیاند، ''کۆنگرەیەکی زۆر ئاسایی دەبەسترێت. ئەگەر بەو جۆرە تێپەڕێت کە دیزاینی بۆ کراوە، پڕۆسەکە لە رۆژێک زیاتر ناخایەنێت، چونکە هیچ پرسێکی سیاسی و فیکری تێدا نابێت''. 
 
ئەبوبەکر کاروانی رایگەیاند، ''پێم وایە کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامی، کۆنگرەیەکی دیزاینکراو دەبێت و دەیانەوێت بە جۆرێک لە جۆرەکان دەرچەیەک بدۆزنەوە دەستکاریی پەیڕەوی نێوخۆ بکەن بۆ ئەوەی (سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین) درێژە بە پێگەکەی خۆی وەک ئەمینداری گشتی بدات.''
 
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین لە خولەکانی 2016-2019 و 2019 -2024 ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بووە، ئەوە لەکاتێکدایە بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی ئێستای حیزبەکە، هەر کەسێک دەتوانێت تەنیا دوو خولی لەسەر یەک ئەمینداریی گشتی بێت.
 
ئەبوبەکر کاروانی گوتیشی، ئەگەری سیناریۆیەکی دیکە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ''ئەگەر هەیە ئەمیندارێکی رواڵەتی دابنێن و (سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین) ئەنجوومەنێک دروستبکات و خۆی دەسەڵاتەکەی بەدەستەوە بگرێت بۆ ئەوەی چی ئەمینداریی گشتی بێت یان نا، دەسەڵاتی راستەقینە لە دەستی خۆیدا بێت". 
 
28 و 29ـی 11ـی ساڵی 2019 کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین بە ئەمیندار و ئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی حیزبەکە هەڵبژێردران.
 
بە گوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی یەکگرتوو، حیزبەکە دەبێت چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن بەڕێوەببات. 
 
مستەفا عەبدوڵڵا، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رۆژی 3ی ئەم مانگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەم دوو مانگەی ئەم ساڵدا کۆنگرەی حیزب دەبەستین، پێش ئەوەی بگەینە ساڵی 2025."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

12-11-2024 2

نێچیرڤان بارزانی: پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی ئازەربایجان دەکەم بۆ میوانداریکردنی لووتکەیەکی سەرکەوتوو

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی ئازەربایجان دەکات لە بەرامبەر بانگهێشتکردنی بۆ کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ 29، کۆنفرانسەکەش بە سەرکەوتوو و باش رێکخراو ناودەبات.