دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک فڕۆکەخانەی هەریر بیسترا

08-11-2023
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن فڕۆکەخانەی هەریر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەنگێکی بەهێز هاوشێوەی تەقینەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەریر بیسترا، کە هێزەکانی ئەمریکا تێیدا جێگیرن، پەیامنێری رووداو دەڵێت، ''ماوەی شەش رۆژە هیچ جوڵەیەکی سەربازی لە فڕۆکەخانەی هەریر نەبینراوە.''
 
شەوی چوارشەممە 08-11-2023، کاژێر 23:30، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک فڕۆکەخانەی هەریر بیسترا کە بەگوتەی هاونیشتمانییانی دەوروبەری فڕۆکەخانەکە، هاوشێوەی دەنگی هێرشی درۆنیی جاری پێشوو بووە، کە بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو لە دوو کاتی جیادا هێرش کرایە سەر بنکە سەربازییەکە.
 
بەپێی زانیارییەکانی ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە سۆران، ماوەی شەش رۆژە هیچ جوڵەیەکی سەربازی لە فڕۆکەخانەی هەریر نەبینراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر خەڵکی ئەم دەڤەرە شێوەیەکی ئاسایی سەرباز، هەمەر و هێلیکۆپتەریان بینیوە ''بەڵام شەش رۆژە تەنانەت یەک سەربازیش لە فڕۆکەخانەکە نەبینراوە.''
 
هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا و لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لە دوو بنکە لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە؛ ئەوانیش هەولێر و هەریرن.
 
تاوەکو ئێستا ئاسایش و هێزەکانی پۆلیسی سنووری قەزای هەریر هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر تەقینەوە یان هۆکاری دەنگەکە بڵاونەکردووەتەوە، پەیامنێری رووداو گوتیشی، ''هاونیشتمانییان لەگەڵ بیستنی دەنگە بەهێزەکە هاتوونەتە دەرەوە، بەڵام هیچ ئاگرکەوتنەوە یان دووکەڵێکیان بەهۆی تەقینەوە نەبینیوە.''
 
کاژێر 1:19ی خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 9-11-2023، "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" رایگەیاند، لە رێگەی دوو درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەریر و ئامانجەکەیشیان پێکاوە.

 

 
هەر رۆژی سێشەممە، پەیجی دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە دوو کاتی جیا، هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەولێر.
 
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە لە 7-10-2023دا، گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیادبوون.
 
رۆژی دووشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان بە سووکی بریندار بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمێکی سەرژمێری لە هەولێر هاونیشتمانییان تۆمار دەکەن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

لیژنەی سەرژمێری: پێش کاژێر 12:00ـی شەو پەیوەندی بکەن

سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی تاوەکو ئێستا تۆمارنەکراون، پێویستە بە "زووترین" کات لە رێگەی هێڵی گەرمی 567ـەوە پەیوەندییان پێوە بکەن. بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری پارێزگای دهۆکیش باس لەوە دەکات، لە بەشێکی پارێزگاکە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش سەرژمێری درەنگ دەستیپێکردووە و تەواونەبووە.