باوکی نوورا: هاوژینی پێشووی کچەکەم داوای پێنج ملیۆن دیناری لێکردووم

20-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
 نوورا لەگەڵ هاوژینی یەکەم و دووەمی، باوکیشی بە تەلەفۆن روونکردنەوەی لەسەر چیرۆکی هاوسەرگریی کچەکەی بۆ رووداو دا
نوورا لەگەڵ هاوژینی یەکەم و دووەمی، باوکیشی بە تەلەفۆن روونکردنەوەی لەسەر چیرۆکی هاوسەرگریی کچەکەی بۆ رووداو دا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەفتەی رابردوو هاوسەرگیریی دووەمی ژنێکی 20 ساڵ بەناوی نوورا، لەگەڵ پیاوێکی 65 ساڵ، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هاوژینی یەکەمی دەڵێت، "من لێی جیانەبوومەتەوە و ژنی من بووە شووی کردووەتەوە". باوکی کچەکەش دەڵێت، "چوار مانگ پێش ئێستا کچەکەم تەڵاق دراوە، بەڵام ئێستا داوای پێنج ملیۆن دینارم لێدەکات."

رۆژی یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، فوئاد حوسێن، باوکی نوورا لە بوڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات گوتی، "مێردی یەکەمی کچەکەم هاتە خوازبێنی و مارەکرا، دوای ئەوە سوێندی خوارد بە شایەتی براکەی گوتی، 'هەفتەی داهاتوو گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ کچەکەت دەکەم'، دوای ئەوە کچەکەی برد."
 
باوکی نوورا دەڵێت، مانگێک بەسەر هاوسەرگیرییەکەیان تێپەڕی، "من دەمزانی ژنێکی دیکەی هەیە و کێشەیان بۆ دروستدەبێت، دیسان پەیوەندیم پێوە کرد و پێم گوت، گرێبەستی هاوسەرگیری بکات، بەڵام دوای ئەوەی کچەکەمم پێدا خەڵکی پێیان گوتم پیاوێکی فێڵبازە و پێشتر چەند ژنێکی تەڵاق داوە."
 
فاخیر عەبدولڕەزاق هاوسەری پێشووی نوورا، چەند رۆژێک پێش ئێستا بە رووداوی گوت، "هیچ کێشەیەک لەنێوانمان نەبووە، تەڵاقیشم نەداوە، شایەت و بەڵگەم هەیە." 
 
لەوبارەیەوە باوکی نوورا گوتی، "9 مانگ نوورا لەگەڵ ئەو پیاوە ژیا، چوار مانگ پێش ئێستا من لە دەوام بووم، کچەکەی هێنابووەوە پێی گوتبوو، من تۆم ناوێت تۆ وەکو خوشک و دایکی من وایت، دوای ئەوە کە گەڕامەوە ماڵەوە، پەیوەندیم بە فاخیر و براکەیەوە کرد، پێم گوتن 'تەڵاقدان لای ئێمە شتێکی عەیبەیە وەرە خێزانت ببەرەوە'، دوای ئەوە کچەکەمی بردەوە سێ مانگ بوو نە قسەی لەگەڵ کچەکەم دەکرد و نە دەچوو بۆ لای و لێشی دەدا، ژنەکەشی هەڕەشەی کوشتن و سووتاندنی لێدەکرد، نانیشیان بە کچەکەم نەدابوو، سێ رۆژ بوو نوورا نانی نەخواردبوو."
 
فوئاد حوسێن گوتی، "سێیەم رۆژی جەژن بوو دووبارە کچەکەی هێنایەوە و گوتی 'دایک و خوشکمە'، دیسان من لە ماڵەوە نەبووم، ئەوکات هەموو شتێک لەنێوانیان کۆتایی هات، بەڵام کە رەسم و ڤیدیۆی کچەکەی بینی لەگەڵ هاوسەرە نوێیەکەی، فاخیر تەلەفونی بۆ کردم و پێی گوتم، 'من کچەکەتم تەڵاق دابوو، بەڵام بۆ نەتدا بە کەسێکی عەرەب کە خەڵکی بەغدا یان موسڵ بێت، بۆچی هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی خەڵکی گوندەکەی من کردووە؟ ئەگەر پێنج ملیۆن دینارم پێ نەدەیت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن باستان دەکەم'."
 
فاخیر عەبدولڕەزاق، هاوژینی یەکەمی نوورا دەڵێت، "لەکاتی هاوسەرگیریدا وەکو مارەیی 12 مسقاڵ زێڕم بۆ برای نوورا کردبوو، چواریش بۆ خۆی." 
 
بەڵام باوکی نوورا دەڵێت، "راست نییە، بایی 600 هەزار دینار زێڕی بۆ نوورا کردبوو، دوو گوستیلە بوون، یەکیان بۆ مارەکردن بوو، لەگەڵ گوارەیەک، وەکو مارەیی پێنج ملیۆن و 500 هەزاریشی بەمن دابوو، پسوولەکەم لاماوە، ئەگەر ئەو راست دەکات با پسوولەکە بڵاوبکاتەوە."
 
لەبارەی هاوسەرگیرییە نوێیەکەی نوورا، باوکی دەڵێت، "کچەکەم بەدڵی خۆی شووی کردووە و شایەتیشم هەیە، گوتی تاوەکو بە تەواوی پەیوەندیم لەگەڵ ئەو کابڕایە بپچڕێت شوو دەکەمەوە و مام عەزیزی بەدڵ بوو، منیش کچەکەمم کردە دیاری بۆ مام عەزیز، هیچ بڕە پارەیەکیشم وەرنەگرت مادام دڵخۆشی دەکات و لەو زووڵمە رزگاری دەکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند کرێکارێک لەکاتی کارکردندا لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزیری کاری عێراق: کار بۆ زیادکردنی مووچەی کرێکاران دەکەین

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو کرێکارانەی لە کەرتی تایبەت تۆمارکراون 10٪ تێناپەڕێت. دەشڵێت، قەرزی پڕۆژەی بچووک و کەمترین مووچەی کرێکاران زیاد دەکەن.