رووداو دیجیتاڵ
ئەگەرچی هیچ جموجۆڵێکی تێدا نابینرێت، بەڵام هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر بەردەوامن و، دوایینیشیان نیوەڕۆی دوێنێ بوو.
باپیر، هاونیشتیمانییەکی هەریرە، سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "لە ماڵەوە بووم، دەنگێکی زۆر گەورە هات، زۆر گەورە بوو، خەڵک لە دڵەڕاوکێدان و ترسیان هەیە لەوەی درۆنەکان بەنێو ماڵان یان لەنێو ئاوەدانی بکەونەخوارەوە.''
ئامانج لە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەکە هەرچییەک بێت، هاونیشتیمانیانی هەریر ترس و دڵەڕاوکێیان لا دروست بووە، بەوپێیەی دوو درۆن لە رابردوودا، لە نزیک ئاوەدانی و ماڵی هاونیشتیمانیان کەوتوونەتە خوارەوە.
عارەب نەبی، هاونیشتیمانییەکی دیکەی هەریر، دەڵێ "سێ شەو پێش ئێستا دەنگی درۆنیک هات و لەنێو کۆگەی نەوت و گازی فڕۆکەخانەکەی دا، ئەمڕۆ نیوەڕۆش (11-11-2023) نزیکی کاژیر 01:00 ئێمە نانمان دەخوارد، کە دەنگێکی دیکەی گەورە هات و، دیسان لەنێو فڕۆکەخانەی دا، کاتێک درۆنەکان بە زەوی دەکەون، پەنجەرەکانی ماڵەکانمان هەموویان دەلەرزن و منداڵەکانمان رادەکەنە دەرەوە و دەڵێن 'بابە ئەمە چیە؟' ئەو گرمەگرمە.''
فڕۆکەخانەی هەریر لە ساڵی 1979 وەکو فڕۆکەخانەیەکی کشتوکاڵی دروستکراوە و لە ساڵی 1983 کرایە فڕۆکەخانەیەکی سەربازی و لە شەڕی عراق ئێراندا بەکارهات. لە ساڵی 2003ـوە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی هەریر جێگیربوون و 20ـی ئۆکتۆبەری رابردوو چۆڵیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ