رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە ساڵێکە پڕۆژەی قیرتاوکردنی 18 کۆڵانی ناحیەی مسێریک لە پارێزگای دهۆک تەواو نەکراوە. دانیشتووانەکەی گلەیی لە "جێهێشتن"ی پڕۆژەکە لەلایەن بەڵێندەرەوە دەکەن. بەڕێوەبەری ناحیەی مسێریک دەڵێت، کارکردن لە پڕۆژەکە دەستی پێکردووەتەوە و کەمتر لە دوو مانگی دیکە تەواو دەکرێت.
مسێریک لە 11-12-2024 فەرمانی بوون بە ناحیەی بۆ دەرچوو؛ هەمان ساڵ پڕۆژەی قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی بە دوو گوژمەی جیاواز بە بڕی 1.150 ملیار دینار لەلایەن کۆمپانیای ئاوازەوە وەرگیرا و دەست بە کارکردنی کرا. گوژمەی دووەم بەبڕی 626 ملیۆن دینار لەلایەن کۆمپانیای بەرزی هەڵگوردەوە وەرگیرا و دەست بە جێبەجێکردنی کرا و دوای ماوەیەک کارکردن لە بەشی دووەم، وەستا و تاوەکو ئێستا تەنیا 40٪ـی پڕۆژەکە جێبەجێکراوە.
سەمیر مووسا، دانیشتووی ناحیەی مسێریک، لەبەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "شارەوانی بەڵێنی دا لە دوو مانگدا کۆڵانەکان چاک بکرێن، ئەوە زیاتر لە ساڵێکە تێکدراون و جێیان هێشتوون، هاتووچۆمان ئاستەنگ بووە و خەڵک ناتوانن ئۆتۆمبێلەکانیان ببەنە پێش دەرگە و ماڵەکانیان. بەر دەرگەی ماڵ هەیە 30 سانتیمەتر لە ئاستی کۆڵانەکە بەرزترە."
یەکێک لە بەڵێندەرانی پڕۆژەکە رەتیدەکاتەوە دەستیان لە کارکردن هەڵگرتبێت.
محەممەد مەحموود، خاوەن کۆمپانیای ئاواز بە رووداوی گوت: "کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە و تەنیا 6 کۆڵان ماون قیرتاو بکرێن؛ 90٪ـی پڕۆژەکەمان تەواو کردووە و لە 10 رۆژی داهاتوودا ئەو 6 کۆڵانەش قیرتاو دەکرێن. تاوەکو ئێستاش گوژمەی پێویستمان بۆ خەرجکراوە."
پەیامنێری رووداو لە سنووری دهۆک، بەدواداچوونی مەیدانی بۆ دۆخ و ژیانی خەڵکەکە بەهۆی پڕۆژەکەوە کرد. لەنێو یەکێک لە کۆڵانەکانی مسێریک، ئەحمەدی بینی کە خەریکی هەڵکەندنی زەوی بوو بۆ ئەوەی رێگە بۆ رۆیشتنی ئاوەڕۆی ماڵان لە کۆڵانەکە بکاتەوە. ئەو هاونیشتمانییە بە نایف رەمەزانی گوت: "کۆڵان هەمووی پیس بووە، خەڵک ناتوانن بچنەوە ماڵی خۆیان، ئۆتۆمبێلەکانیان دەچەقن، منداڵەکانیان ناتوانن بچنە قوتابخانە. ئەمە چی دۆخێکە تێیداین؟"
پڕۆژەکە بریتییە لە قیرتاوکردنی 18 کۆڵانی مسێریک بە داهاتی فرۆشتنی پارچە زەوی. بەپێی بەرپرسانی سنوورەکە، بەهۆی بڕیاری راگرتنی فرۆشتنی پارچە زەوییەوە، پارە بەردەست نەماوە و پڕۆژەکە وەستاوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی مسێریک دڵنیایی دەداتە دانیشتووانی سنوورەکەی کە پڕۆژەکە تەواو دەکەن و "کارکردن تێیدا بەردەوامە".
سامی ئۆشانە لە بەرپرسیار گوتی: "سەرەتا پارە بۆ بەڵێندەری پڕۆژەکە خەرج نەدەکرا. بۆ چارەسەری کێشەکە لەگەڵ جێگری پارێزگاری دهۆک کۆبوومەوە. کێشەی پارەی بەڵێندەر چارەسەر کرا و دوو هەفتەیە کارکردن لە پڕۆژەکە دەستی پێکردووەتەوە و پارەی بەڵێندەر بە قۆناخ خەرج دەکرێت."
بەپێی ئەو زانیارییەی بەڕێوەبەری ناحیەی مسێریک بۆ رووداوی نارد، کارەکانی کۆمپانیای ئاواز لە 2024 دەستی پێکرد بە گوژمەی 1.150 ملیار دینار و تاوەکو ئێستا 85٪ـی کارەکانی تەواوکردووە؛ کارەکانی کۆمپانیای بەرزی هەڵگوردیش بە گوژمەی 6.26 ملیۆن دینار لە 2024 دەستی پێکرد و ئێستا هەردوو کۆمپانیا لە کارکردن بەردەوامن.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە لە بەرپرسیار هۆکاری درەنگکەوتنی پڕۆژەکەی بۆ خەرجنەکردنی "گوژمەی بەڵێندەر" گەڕاندەوە.
ئەندازیار حەموود غەربی گوتی: "خانووەکانی مسێریک لە 1987ـەوە دروستکراون و هەندێک بەرزن و هەندێک نزم، دەبێ ئاوڕێژیان بۆ دروستبکرێت. پڕۆژەکە بەهۆی پێنەدانی گوژمەی بەڵیندەرەوە چەند جارێک وەستا. ئێستا بەڵیندەر دەستی بە کارکردن کردووەتەوە. تاوەکو ئێستا 40٪ـی پڕۆژەکە تەواوکراوە."
پار بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار پڕۆژە لە ناحیەی مسێریک جێبەجێکراوە. بۆ ئەم ساڵیش رەزامەندیی خەرجکردنی ملیارێک و 200 ملیۆن دینار وەرگیراوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی مسێریک گوتی: "بودجەی پڕۆژەکە لەسەر فرۆشتنی پارچەزەویی شارەوانی بوو؛ بۆیە چەند جارێک وەستا. تاوەکو دوو مانگی دیکە پڕۆژەکە تەواو دەکرێت. لە ناحیەکەمان پلانی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکمان بە بەهای 5 ملیار دینار هەیە و ئەم ساڵ جێبەجێ دەکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ