رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی سنووری پارێزگای هەولێر سەگ پەلاماری گەنجێکی 25 ساڵانی دا و دوای زیاتر لە سێ هەفتە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. مامێکی دەڵێت: "پشکنینی ڤایرۆسی بۆ کرا، پێش گەڕانەوەی ئەنجامەکە گیانی لەدەستدا."
گەنجەکە ناوی ئەحمەد سابیرە و باوکی دوو منداڵ بوو. لە 28ـی رەمەزانی ئەم ساڵ بە سەردان چووەتە گوندێکی نزیکی هەولێر، لەوێ سەگ پەلاماری داوە و سەری بریندار کردبوو، لەوکاتەوە لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی چڕدابوو.
رۆژی یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، نەجات بیرۆکەیی، مامێکی ئەحمەد قسەی بۆ هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، 'دوای رووداوەکە سێ قورچک ڤاکسینمان لە ئەحمەد داوە، بەڵام شەوی رابردوو تەندروستیی خراپ بووە و ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە گیانی لەدەستدا".
بە گوتەی مامی، ئەحمەد تووشی رشانەوە و تەنگەنەفەسی بووە و چاوێکی کوێر بووە: "پشکنینی ڤایرۆسمان بۆی کرد، پێش گەڕانەوەی ئەنجامەکەی گیانی لەدەستدا. پێش ئەوەی گیان لەدەست بدات، قوڕگی کون کرا بۆ ئەوەی هەناسە بدا، بەڵام سوودی نەبوو."
بە گوتەی مامی، بڕیاربووە سبەی دووشەممە، 21ـی نیسان، "لیژنەیەک لە بەغداوە بێن و سەیری پشکنین و برینەکەی بکەن، بەڵام مەرگ مەودای نەدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ