رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو درۆنی بۆمبڕێژکراو، ئاگری لە فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر بەردا، کۆگایێکی سووتەمەنی فڕۆکەخانەکەی کردە ئامانج و تاوەکو دەهات کڵپەی ئاگرەکە بەرزتر دەبووەوە. گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرت.
لەگەڵ کەوتنەوەی ئاگرەکە تیمەکانی بەرگری شارستانیی هەریر و باسرمە، هەوڵیاندا بچن ئاگرەکە بکوژێننەوە بەڵام لەلایەن تیمەکانی ئاسایشی فڕۆکەخانەکە رێگەیان پێنەدرا.
پشتیوان خالید، لە نزیک فڕۆکەخانەکە بووە کاتێک درۆنەکە دەنگی بیستراوە و دواجار تەقیوەتەوە. ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت، "من وەک هەموو رۆژێک لە نزیک ماڵەکەم بووم کە نزیکە لە فڕۆکەخانە و بیستم دەنگی درۆن هاتوو زۆری نەبرد بە نێوەڕاستی فڕۆکەخانە کەوت و تەقیەوە و دەنگێکی زۆر بەرزی هەبوو ئێرەی رووناک کردەوە بینیمان کۆگای فڕۆکەخانەکەیە ئاگری گرتووە."
بڵێسەی ئاگر ئەو ناوەی رووناک کردبووەوە، دووکەڵ ئاسمانیی دەشتی کاکی بەکاکی هەریر و باتاسی داگرتبوو. ئاستی بینین کەم کردبوو دانیشتووانی نزیک لە فڕۆکەخانەکە لە ترس و دڵە راوکێدابوون.
فەرهاد باسورمەیی هاونیشتمانییەکی دیکەیە باسی رووداوەکەی کرد و گوتی، "بێگومان ترسمان هەیە و نزیکین لە فڕۆکەخانە سەیرکە، ئاوەدانی کەمتر لە یەک کیلۆمەتر لە ئاگرەکەوە دوورە خۆ درۆنێک سەرەوە بگرێت یان کورت بکات بەر ئاواییەکەمان دەکەوێت."
لە ماوەی 24 کاژێردا دوو هێرشی درۆنی و لە ماوەی هەفتەیەکیشدا چوارەمین هێرشی درۆنیە بکرێتە سەر فڕۆکەخانەی هەریر. دژەتیرۆری کوردستان شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "فڕۆکەخانەکە لە 20-10-2023 چۆڵ کراوە، پێشتر وەکو بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکار دەهات، بەڵام بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لە کۆگەی سووتەمەنیی بنکەکە کەوتووەتەوە."
فەرهاد باوە نوور، لەبارەی رووداوەکەوە باس لەوە دەکات، "نزیکەی 15 بۆ 20 رۆژ دەبێت هێزەکانی لێ بوون شتوومەکەکانیان کشاندەوە و هەندێ ئۆتۆمبێلی سەربازییان لە فڕۆکەخانەکە جێهێشت و رۆشتن و ئێستا هیچ جووڵەیەک لە فڕۆکەخانە نابیندرێت."
زیاتر لە چوار کاژێر ئاگر بەردەوام بوو، دوای سووتانی تەواوی سووتەمەنیەکە ئاگرەکە بۆخۆی کوژایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ