هەژماری من دەخرێتە سەر وەزارەتی دارایی

20-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، پرۆسەی بەبانککردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان (هەژماری من) دەگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری.
 
رۆژی یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی کردووە، کە واژۆی ئومێد سەباح ـی لەسەرە و تێیدا هاتووە، "لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاردرا بە گواستنەوەی پرۆسەی بەبانککردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان (هەژماری من) بۆ سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەرپشک دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەی (هەژماری من) لەبەر رۆشنایی یاسا و رێنماییە بەركارەکانی بانکی ناوەندیی فیدراڵی، هەژماری بانکیی مووچەخۆران پارێزراو دەبێت بەگوێرەی هەمان یاسا و رێنماییەکانی بانکی فیدراڵی.
 
وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە، سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم فەرمانە جێبەجێ دەکەن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و ئاسانکاریی پێویست پێشکێش دەکەن.
 
ئێستا 228,700 فەرمانبەری مەدەنی و 84,600 پێشمەرگە لە رێگەی بانکەکانی نێو پڕۆژەی هەژماری من مووچە وەردەگرن. پڕۆژەی (هەژماری من) پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە