لە زاخۆ بەردی بناخەی پێنج پرۆژەی خزمەتگوزاری دادەنرێت

07-12-2020
گۆڤەند مستەفا
ساتی دانانی بەردی بناخەی یەکێک لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان. وێنە: رووداو
ساتی دانانی بەردی بناخەی یەکێک لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان. وێنە: رووداو
نیشانەکردن زاخۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەردی بناخەی پێنج پرۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە قەزای زاخۆ دادەنرێت و پارێزگاری دهۆکیش دەڵێت، کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە پلاندایە بۆ سنووری دهۆک و هەموو سەرنجیان لەسەر خزمەتگوزارییەکانی رێگاوبان، کارەبا، ئاو، تەندروستی و پەروەردە دەبێت.
 
یوسف موسا، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 07-12-2020 بە ئامادەبوونی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بۆتان موحسین، قائیمقامی قەزای زاخۆ و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداریی قەزاکە، بەردی بناخەی پێنج پرۆژەی دیکەی خزمەگوزاری بۆ قەزای زاخۆ دادەنرێت.
 
یەکێک لەو پرۆژە گرنگ و ستراتیژییانەی کە ئەمڕۆ بەردی بناخەی بۆ دانرا، پرۆژەی گواستنەوەی ئاوە، لە ئاوی رووباری دیجلەوە بۆ هەردوو کۆمەڵگەی پێشابوور و دێرەبوون.
 
لەبارەی گرنگیی ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانەوە بۆ قەزای زاخۆ پارێزگاری دهۆک لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو پرۆژانەی بۆ زاخۆ دەکرێن، دوای سەردانی سەرۆکی حکومەت دێت بۆ قەزاکە، رۆژی پێنجشەممە بەردی بناخەی چوار پرۆژەی ستراتیجیمان دانا بە بەهای 22 ملیار دینار، ئەمڕۆش بەردی بناخە بۆ پێنج پرۆژەی دیکە بە بەهای 15 ملیار دینار دادەنێین".
 
بە گوتەی د. عەلی تەتەر، پرۆژەی گواستنەوەی ئاوەکە "گرفتی ئاو بۆ سێ کۆمەڵگای کریستیان و ئێزدی چارەسەردەکات، هاوکات دووسایدکردنی رێگای نێودەوڵەتیی نێوان سحێلا و ئیبراهیم خەلیل، پرۆژەیەکی دیکەیان دروستکردنی ئۆڤەر پاسێکە لەنێو زاخۆ، لەگەڵ دروستکردنی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی و چارەسەرکردن و راکێشانی پێداویستی بۆ شوقە کەمدەرامەتەکانی زاخۆ".
 
پارێزگاری دهۆک گوتی لەسەر ئاستی پارێزگاکە لە قەزای ئامێدیش چەند پرۆژەیەکی گەورە جێبەجێ دەکرێن، لەوانە دروستکردنی نەخۆشخانەیەک بە بەهای نزیکەی 62 ملیار دینار، 25 ملیاری دیکەش بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی قەزاکە تەرخانکراوە. پێش چەند رۆژێکیش سەرۆکی حکومەت 18 ملیار دیناری بۆ چارەسەرکردنی پرۆژەی ستراتیجیی ئاوی ئاکرێ تەرخانکرد، چەندین پرۆژەی دیکەمان بۆ قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش خستووەتە پلانی خۆمان، پشتیوان بە خودا لە وەرزی بەهاردا کۆمەڵێک پرۆژەی دیکە لە سنووری پارێزگای دهۆک جێبەجێ دەکەین".
 
د. عەلی تەتەر باسی لەوەش کرد "ئەگەر قەیرانی دیکەی دارایی روو لە کوردستان نەکات، چەند پرۆژەیەکی دیکەی گرنگ هەن پێویستە بکرێن، لەوانە تەواوکردنی پرۆژەی فڕۆکەخانەی دهۆک، چارەسەرکردنی گرفتی گەڕەکی هیشکەرۆ لە لافاو، پارکی گەورەی دهۆک، پرۆژەی گەشتیاریی بەنداوی دهۆک، لە سنووری ئامێدی کۆمەڵێک پرۆژەی گەشتیاری هەن، بەگشتی سەرنجی ئێمە لەسەر خزمەتگوزارییەکانی رێگاوبان، کارەبا، ئاو، تەندروستی و پەروەردە دەبێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.