سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی داهات و لیستی مووچە بۆ بەغدا دەنێردرێت

21-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی داهاتی نانەوتی دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق، هەمان رۆژ لەلایەن شاندێکی تەکنیکییەوە لیستی مووچە بۆ بەغدا دەبردرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیار بوو ئەمڕۆ داهاتی نانەوتی بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی کاش دواکەوت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەنێردرێت."
 
وەکو ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: "لیستی مووچەی مانگی چوار هیچ کێشەیەکی نییە، لەسەر بنەمای لیستی مووچەی مانگەکانی یەک، دوو و سێ ئامادە کراوە، بۆ ئەوەی بەغدا نەتوانێت هیچ بیانوویەکی هەبێت، تەنیا گۆڕانکاریی بچووک تێدا کراوە، ناوی ئەو خانەنشینانەی بۆ زیادکراوە، کە مامەڵەکانیان تەواو بووە."
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی چوار تەواو بووە، بڕیارە سبەی لەلایەن شاندێکی تەکنیکی کە پێکهاتوون لە؛ رێباز عەباس، راوێژکار و بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری دارایی، کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی بۆ بەغدا ببرێت."
 
17ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی 48,722,239,000 دیناری داهاتی مانگی شوباتی 2025ی بە شێوەی کاش خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
 
رۆژی 26ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە و لە سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشکرا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە