رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و گفتوگۆکانی بە "بنیاتنەر و بە سوود" ناودەبات.
زەڵمای خەلیلزاد کە جگە لەو پۆستە، باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە ئەفغانستان و بەر لەوەش نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ دووشەممە، 21ی نیسانی 2025، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان سەبارەت بەو "مژارانە کردووە کە کاریگەرییان لەسەر کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا هەیە".
خەلیلزاد لە " ئێکس" نووسیویەتی: "ئەمڕۆ، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، هاوڕێی ئازیزم، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق کۆبوومەوە. وەک هەمیشە، گفتوگۆیەکی بنیاتنەر و بەسوود بوو سەبارەت بەو مژارانەی کە کاریگەری دەکەنە سەر کوردستان، عێراق و ناوچەکە".
زەڵمای خەلیلزاد یەکێکە لەو بەرپرسانەی پێشووی ئەمریکا کە پەیوەندی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە دوور و نزیکەوە ئاگاداری رەوشی سیاسی و پێشهاتەکانی ناوچەکەیە
لە کانوونی یەکەمی پار و لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریا، خەلیلزاد لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە لە دەوحەی قەتەر تۆمارکرا؛ گوتی: "دەبێت لە سووریای نوێ وەکو (توخمی سەرەکی) مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت و دەبێت مامەڵەکەش گشتگیر بێت و نەک تەنیا لەگەڵ کوردە سەربازییەکانی یەپەگەدا، بەڵکو لەگەڵ کوردەکانی دیکەیشدا مامەڵە بکرێت".
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، ئەو دیپلوماتە بە ئەزموونە گوتی: "کورد دەتوانن رکابەریی و جیاوازییان هەبێت لەسەر ئەوەی دەبێت لە کوردستان چی رووبدات، سیاسەت و سیاسەتی نەوت و گاز و ئەمانە چۆن بن، ئەوە زۆر ئاساییە، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر پرسە نەتەوەییە گەورەکان، ئەوا پێموایە لێکتێگەیشتن لەنێوان کورد بۆ هەموویان یارمەتیدەر دەبێت نەک ئەوەی ئامرازێک بن بۆ لاوازکردنی پێگەی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ