رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی سۆران رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ سێ پرۆژەی قیرتاوکردن و دروستکردنی ئاوەڕۆیان لە ناوەندی قەزای سۆران بە گوژمەی نزیکەی چوار ملیار دینار جێبەجێکردووە. دەشڵێت، شەش پرۆژەی ساڵی 2022یان ماوە و کارییان تێدا دەکرێت.
سەلوا شێروانی، سەرۆکی شارەوانیی سۆران، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، بۆ ساڵی 2023 لەناوەندی شاری سۆران سێ پرۆژە جێبەجێ کراون لەوانە: پرۆژەی ئاوەڕۆی سندووقی گەڕەکی نەورۆز، دروستکردنی قۆناخی دووەمی جووتسایدی زانکۆ تاوەکو دیوانی ئیدارەی سۆران کە زیاتر 21 هەزار مەتر دووجا بووە بە گوژمەی سێ ملیار و 90 ملیۆن دینار، هەروەها قیرتاوکردنی ناوچەی پیشەسازی کۆن تاوەکو دێلزیان بە دریژایی زیاتر لە 2.5 کیلۆمەتر، 55 هەزار مەتر دووجا قیرتاوکراوە، بە زیاتر لە ملیارێک دینار.
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی سۆران، چەند پرۆژەیەکی 2022 ماون و کاریان تێدا دەکرێت کە دروستکردنی شەقامی نێوخۆییە لە پێنج گەڕەکی سۆران (هەندرێن، هەرێم، ئازادی، دێلیزیان و بادلیان)، لەگەڵ دروستکردنی شەقامی 40 مەتری لە هۆڵی بۆنەکان تاوەکو دێلیزیان.
لەبارەی بوونی پرۆژەی راگیراو لە سنووری ئیدارەی سۆران، سەلوا شێروانی دەڵێت، "پرۆژەیەکی راگیراومان هەیە دروستکردنی شەقامێکە لە دیانای کۆن بۆ دێلیزیان کە ساڵی 2013 بڕیاری دروستکردنی دراوە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە."
قەزای سۆران پێکدێت لە 37 گەڕەک و حەوت گوندیش دەکەوێتە نێو سنووری شارەوانی قەزاکەوە.
سەلوا شێروانی، دەڵێت، بەگوێرەی ماستەر پلان سۆران نزیکەی 37 گەڕەک و حەوت گوند پێکدێت، پێنج لە گوندەکان دەکەونە سنووری ماستەرپلانی شار، تاوەکو ئێستا 12 گەڕەکی قەزاکە خزمەتگوزاری قیرتاو و ئاوەڕۆیان تەواو کراوە، ئەوانی دیکەش بەشیکیان پرۆژەکانیان لەقۆناخی جێبەجێکردندان.
سەرۆکی شارەوانیی سۆران گوتیشی، زۆرینەی گەڕەکەکان لە پرۆژەکانی ئەم ساڵ تۆمارکراون 27 پرۆژەن بەگوێرەی پێویستی گەڕەکەکان جێبەجێدەکرێن.
چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە بەرنامەی مژار کردووە دەڵێن، "ئێمە دانیشتووی گوندەکانی سنووری شارەوانین، بەڵام مۆڵەتی دروستکردنی خانوومان پێنادەن."
سەرۆکی شارەوانیی سۆران گوتی، ئەو گوندانەی دەکەونە سنووری شارەوانی و ماستەرپلانەوە تاوەکو ئێستا نەخشەی کەرتییان تەواونەبووە، ئێستا لیژنەیەک لە ئیدارەی سۆران پێکهێنراوە بۆ ئەوەی داواکارییانە و هاونیشتمانییان دەتوانن لە قایمقامیەتی سۆران داواکارییەکانیان پێشکێشبکەن.
لەبارەی پێدانی مۆڵەت بۆ دروستکردنی خانوو لە زەوی سندووقی، گوتیشی، ئێستا هاونیشتمانییان دەتوانن، داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن بۆ ئەوەی زەوییە سندووقییەکانییان بکەنە خانوو، رێژەکەی 10٪ و خاوەن زەوییەکە پێویستی بە پشتگیری موختاری گەڕەک و دوو شاهید دەبێت."
لەبارەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشک لە سنووری قەزای سۆران، سەلوا شێروانی رایگەیاند،" رۆژانە لە ناوەندی شاری سۆران نزیکەی 160 تۆن زبڵ و خاشاک کۆ دەکرێتەوە لەلایەن کۆمپانیایەکی پاککردنەوە؛ تاوەکو ئێستا هیچ کارگەیەکی ریسایکڵین لەسنووری ئیدارەی سۆران نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ