رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی ئایینی ناسراوی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری هەمەدانی ئێران دەستبەسەر کرا.
رۆژی دووشەممە، 21ی نیسانی 2025، مامۆستا مەلا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی چوار یاری نەبی لە شاری سنە، دوای ئەوەی بانگهێشتی دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان کرا لەوێ دەستبەسەر کرا.
مەلا لوقمان ئەمینی لەگەڵ مەلا ئیبراهیم کەریمی، پێشنوێژی گوندی نەنەڵەی سنە رۆژی 30-01-2023 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنەوە بەهۆی قسەکردن لەسەر ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەر کران، دواتر بە کەفالەت ئازاد کران. دوایین دانیشتنی دادگایی ئەو دوو مامۆستایە رۆژی چوارشەممە 07-06-2023 لە هەمەدان بەڕێوەچوو.
لە 14-6-2023 دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان سزای 11 ساڵ زیندانیکردن، دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ ئەردەبیل و بێبەشکردن لە مافی مەلایەتی و پێشنوێژی بەسەر مامۆستا لوقمان ئەمینی، سەپاندبوو، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی خەڵک سزاکەی جێبەجێ نەکرا.
دوای خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ساڵی 2022 زیاتر لە 10 مامۆستای ئایینی و پێشنوێژ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان بە بەندکردن، لێدانی قامچی و وەرگرتنەوەی مافی مەلایەتی سزادراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ