رووداو دیجیتاڵ
کاتێک لە کەرکووکەوە بەرەو بەغدا دەچیت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی زیاتر لە پایتەختەکە، دەسەڵاتی گرووپە شیعییەکان زیاتر دەردەکەوێت. ئاڵا رەش و سەوزەکان لە رێگەدا بە بەردەوامی دەبینرێن، وەکو شایەتێک بۆ هەژموونێک کە چاو ناتوانێت هەڵەی تێدا بکات.
بنکە سەربازییەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە هەردوولای رێگەکە بە درێژایی رێگە هەن، نەک تەنیا وەکو بنکەی سەربازیی ئاسایی، بەڵکو وەکو هێمای دەوڵەتێک لە ناو دەوڵەتدا. گرووپە چەکدارە شیعییەکان وەکو دڕکێک لە بەردەم خەون و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وەستاون.
لەو رێگەیە چەند پرسیارێک لە مێشکدا دەنگ دەدەنەوە: ئایا ئەمریکا لە گرووپە چەکدارەکانی شیعە دەدات؟ ئایا ئێران دەیانفرۆشێت؟ ئەی ئەوان لە بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکانی ترەمپ چی دەکەن؟
لە دەروازەی بەغدا لە ناوچەی شەعب، دیمەنەکان دەگۆڕێن بۆ تابلۆیەکی ئاڵۆزتر. وێنەیەکی گەورەی فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی زاڵە بەسەر دیمەنەکەدا، وەکو بیرهێنانەوەیەکی بێدەنگ بۆ هێزی راستەقینەی حوکمڕانی ناوچەکە.
لە نێوەڕاستی پایتەختێکدا کە شایەتی رووخان و هەڵسانەوەی ئیمپراتۆریەتەکان بووە، بنکەی بزووتنەوەی نوجەبا هەیە، گرووپێکی شەڕکەرن، لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان. گەیشتن بەو شوێنە ئاسان نەبوو، لە رێگەی ئەوێوەوە، لە گۆڕەپانی تەحریر درووشمی دژ بە زایۆنیزم و بەرهەمەکانی ئەمریکا دەگوترانەوە و دانرابوون، ئۆتۆمبێلی بێ ژمارەی هەڵگری ئارمی حکومەتی عێراق و ئۆتۆمبێلی سەربازیی هامەر شەقامەکانیان تەنیبوو.
لە بارەگای سەرەکیی سەید و نوجەبا کە دەڵێن تووندترین شەڕکەری فەسائیلەکانن، خۆیان نەیان شاردووەتەوە راستەوخۆ گرێدراوی ئێرانن کە دەعمیان دەکات لە رووی مەشقەوە لە رووی پارەوە، ئێستە دەمانەوێ بزانین چی دەڵێن.
ئایا لەگەڵ ئەمریکا رێک دەکەون رێک ناکەون، سفری کێشەکان دەکەن یان هەر توونددەبن؟
لە بنکەی بزووتنەوەکە، رێکاری خۆپارێزی بۆ رێگری لە دزەپێکردنی زانیارییەکان گیراوەتەبەر، گومان لە هەر کەسێک دەکەن بچێتە ئەوێ، رێگەیان نەدا مۆبایل لەگەڵ خۆمان ببەینە ژوورەوە، زانییان رۆژنامەڤانین، بەڵام هەر پرسیاریان کرد کە چەکمان هەڵگرتووە؟!
لەو بنکەیە هێماکان بە بەهێزترین شێوە دەردەکەون، وێنەی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکە هەڵواسراوە شان بە شانی وێنەی رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران عەلی خامنەیی - ئەوەش وەکو شایەتیێکی بێدەنگ بۆ هاوپەیمانێتییەک کە سنوورە جوگرافییەکان تێدەپەڕێنێت.
شێخ عەلی ئەسەدی، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبایە، هەر کە هاتە ژوورەوە، بە پرسیارێک گفتوگۆم لەگەڵیدا دەستپێکرد:
هیڤیدار ئەحمەد: بڕیارتان داوە هەموو کێشەکانتان لەگەڵ ئەمریکییەکان یەکلایی بکەنەوە؟
عەلی ئەسەدی: کێ گوتی؟
هیڤیدار ئەحمەد: بڕیارتان نەداوە؟
عەلی ئەسەدی: نەخێر، تاوەکو ئێستا بڕیارمان نەداوە.
هیڤیدار ئەحمەد: کەی بڕیار دەدەن؟
عەلی ئەسەدی: ئەگەر دەستی لە عێراق هەڵگرت و دەستی نەخستە نێو کاروباری سیاسی، ئەوکات بۆ هەر رووداوێک قسەیەک دەبێت.
قسەکانی ئەسەدی قسەی رەقن بۆ ئەمریکا. ئەوەی ئەو بزووتنەوەیە وەکو بەشێک لە (فەسائیل)ـەکانی موقاوەمە دەیکات و کەمێکی دیکە بە ئاشکرا دەیڵێت، بۆ خۆیان دەوڵەتێکن، نە قسە لە حکومەتی عێراق وەردەگرن، نە بە گوێی حکومەتی عێراق دەکەن. ئەسەدی دەڵێت "کەس ئێمە نەناسێت، ئەمریکا باش دەمانناسێت."
گفتوگۆکەمان بەمشێوەیە بەردەوام بوو:
هیڤیدار ئەحمەد: بەناوی عێراقەوە قسە دەکەن، بەناوی عێراقەوە هەڕەشە لە دەوڵەتان دەکەن و فەرمان لە حکومەتی عێراق وەرناگرن.
عەلی ئەسەدی: گرووپە چەکدارەکان بەشێک نین لە حەشدی شەعبی.
هیڤیدار ئەحمەد: بەشێک نین لە حەشدی شەعبی؟
عەلی ئەسەدی: ملکەچی دامەزراوەی حەشدی شەعبیش نین. دامەزراوەی دەستەی حەشدی شەعبی دەزگایەکی یاسایی رێکخراوە کە لەژێر چاودێری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە. من تەحەدای هەرکەسێک دەکەم کە بڵێت یەکەیەکی حەشدی شەعبی لە دەرەوەی فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزەکان جووڵەی کردبێت.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەی گرووپە چەکدارەکان؟
عەلی ئەسەدی: گرووپە چەکدارەکان، نەخێر، ئەوە پێکهاتەیەکی مەدەنییە. ئەمریکاش بەباشی دەزانێت کە گرووپە چەکدارەکان فەرمان لە حکومەت وەرناگرن و لەژێر چاودێریی حکومەتدا نین.
هیڤیدار ئەحمەد: ئایا لە هەڕەشەکانی ئەمریکا دەترسن؟
عەلی ئەسەدی: هەرگیز، ئێمە لە ئەمریکا ناترسین، بەڵکو تەنیا لە خودا دەترسین.
هیڤیدار ئەحمەد: لە ئیسرائیلیش؟
عەلی ئەسەدی: لە ئیسرائیلیش، چونکە ئەمریکا پشتیوانیی ئیسرائیلە. ئیسرائیل لە ئەمریکا بەهێزتر نییە، بەڵکو لاوازترە، پشتیوانیی سەرەکی ئیسرائیل ئەمریکایە.
هیڤیدار ئەحمەد: بڕیارتان نەداوە چالاکییەکانتان دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل رابگرن؟
عەلی ئەسەدی: هەرگیز، هەرگیز. بەڵام تاکتیکێک هەیە، دۆخێک هەیە کە بەرژەوەندی باڵای وڵات لەبەرچاو دەگیرێت، بۆیە دۆخەکە دەچێتە نێو هێورکردنەوە و کەمکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان. بەڵێ، چونکە تێڕوانینی موقاوەمە لەپێناو بەرژەوەندی عێراقدایە. کاتێک تاکتیکێکی سیاسی هەیە و حکومەت هەوڵدەدات کۆتایی بە بوونی ئەمریکا بهێنێت، دەبێت دەرفەت بدەین بەو جموجووڵە.
هیڤیدار ئەحمەد: داواکارییەکانی ئەمریکا لە حکومەتی عێراق لەبارەی ئێوە چییە؟
عەلی ئەسەدی: ئەوەی دزەیپێکراوە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان، بەڵام سەرۆکی حکومەت گوتی هیچ داواکارییەکی ئاوا نییە.
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە چی دەڵێن؟
عەلی ئەسەدی: ئێمە وەکو گروپە چەکدارەکان کارمان ناوەستێت، مەگەر کۆتایی بە داگیرکاری بێت. لە حاڵەتی کۆتایی هاتنی داگیرکاری، بە واتای داگیرکاری سەربازی، سیاسی، ئابووری، کولتووری، هەموو ئەمانە داگیرکارین. واتە ئەگەر داگیرکەر وەکو سەرباز دەرچوو، بەڵام هەژموونی سیاسی هەر مابوو، ئێمە بەرەنگاری هەژموونی سیاسی دەبینەوە. ئەگەر دەستوەردان و داگیرکاری کولتووری هەبوو، ئێمە بەردەوامدەبین لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی کولتووری.
هیڤیدار ئەحمەد: شێخ، ئایا لە هەڕەشە جدییەکانی ترەمپ و ئیسرائیل ترساون؟
عەلی ئەسەدی: ئەو ملکەچی داواکارییەکان و مەرجەکانی ئێران بوو، لەسەر بنەمای مەرجەکانی ئێران دانیشت و گفتوگۆی کرد. کەواتە ئێمە دروستمان گوت و خوێندنەوەکەمان ورد بوو.
هیڤیدار ئەحمەد: دەڵێن ئێران لە ئەمریکا بەهێزترە؟
عەلی ئەسەدی: ئەوەی ملکەچی مەرجەکان بێت، خاوەنی هێزە.
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە هیچ ترسێکتان هەیە؟
عەلی ئەسەدی: ئێمە پەیوەندیمان بە حکومەتی ئێرانەوە نییە. مەرجەعی زۆربەمان رێبەری گەورە خامنەئییە، ئەویش مەرجەعێکە وەکو مەرجەعەکانی دیکە وەکو سەید سیستانی لە نەجەف. ئەوە داوایەکیە. بەڵام ئەوەی کە ئێران یان ئەوانی دیکە پشت لە ئێمە بکەن، ئەوە راست نییە.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەگەر ترەمپت بینی چیی پێ دەڵێی؟
عەلی ئەسەدی: ئەگەر ئەوم بینی، هەرچەندە ئەوە مەحاڵە، پێی دەڵێم تۆ مجرمى تاوانباریت و بکوژی منداڵان و ژنانیت و دەبێت دادگایی بکرێیت.
هیڤیدار ئەحمەد: لە قسەیەکی ئاوا لە ئەمریکا و ئیسرائیل ناترسن؟
عەلی ئەسەدی: هەرگیز، ئێمە ناترسین چونکە ئێمە باوەڕمان بە خودای گەورە هەیە و باوەڕمان وایە کە هەموو شتێک لە دەستی خودای گەورەدایە.
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە وەک سەید نوجەبا هەر لە لیستی تیرۆری ئەمریکییەکادا ماونەتەوە، ئایا داواتان لە ئێران کرد لە کاتی گفتوگۆکاندا ئەوە بکشێنێتەوە؟
عەلی ئەسەدی: ئایا کەس داوا دەکات شتێک لە شەرەفی وەربگیرێتەوە؟ ئەوە نیشانەی شەرەفە بۆ ئێمە کە بەپێی سیاسەتی ئەمریکی و بە تێڕوانینی ئەمریکی بە تیرۆریست دابنرێین. ئەگەر بە تێڕوانینی ئەمریکی بە تیرۆریست دابنرێین ئەوە شەرەفە. چۆن کارتی شەرەف بکشێنینەوە؟ دەمانەوێت هەر لەلامان بمێنێتەوە و پێشانی جیهانی بدەین.
چوومە چوارڕیانێکی بەغدا، قەرەباڵغییەکی هەناسەبڕ هەیە، تێکەڵاوێک لە پۆلیسی هاتووچۆ، ئۆتۆمبێلی سەربازی بە دۆشکە و چەکی بیکەیسەوە- وێنەیەکی زیندووی دەوڵەتێکی خنکاوە لە ئاڵۆزیدا. پیاوێک لە ناو ئەو ژاوەژاوەدا هەوڵی دەرچوون دەدات. دەرباز دەبێت، هەر وەکو چۆن گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەوڵدەدەن لەو قۆناخەدا خۆیان لە گورزی سەربازیی ئەمریکا دەرباز بکەن.
ئەو شوێنە چوارڕیانی شەوافەیە و بەرامبەر پردی کۆمارییە، لە پشتی ئەوێ دەروازەی ژمارە یەکی ناوچەی سەوزە، لەوێ حکومەتی عێراق هەیە. هەروەها ئەمریکاشی لێیە،
لەم بەرنامەیەدا چووین لە بەغدا گەڕاین، سەرکردەکانی شیعەم بینی، سەرکردەکانی فەسائیل کە لەوێ پێی دەڵێن موقاوەمە، ئەوانیشمان بینی، قسەیان بۆ ئێمە کرد. هەڕەشەکانی ترەمپ و ئەمریکایان زۆر بە جدی وەرگرتووە.
ئێران لە پشت ئەو دەروازەیەی ناوچەی سەوز لەگەڵ گرووپەکان دانیشت، پێی گوتن: "جارێ هیچ مەکەن، بێدەنگ بن، دژی ئەمریکا نەوەستن تاوەکو زریانی عاسیفەکە تێدەپەڕێت، ئەو کات قسەی خۆمان هەیە بیکەین بەرامبەریان."
لە دوای شەڕی داعش، هیچ کاتێک هێندەی ئێستا لایەنە شیعەکان لە بەغدا نەشڵەژاون، هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ لێدان لەو گرووپە شیعیانە بابەتێکی جیدی بوو.
ئەمریکا لە دەرگەی حکومەتی عێراقەوە پەیامی ئاراستەی فەسائیلەکانی موقاوەمەی شیعە کرد، چووینە نێو وردەکارییەکانی ئەو پەیوەندییانە، زانیاریمان دەست کەوت کە چی گوتراوە و چی کراوە؟
کاتی ترەمپ بۆ مانەوەی گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق
8ی کانوونی دووەمی 2025
-عەلی خامنەیی، رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بڵاویکردەوە و تێیدا باسی کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی دەکات.
- سوودانی پێی گوتووە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەبێت بپارێزرێن و بەهێزتر و گەورەتر بکرێن.
- 12 رۆژ دوای ئەو کۆبوونەوەیە، دۆناڵد ترەمپ، وەکو سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخوات، مەلەفی عێراق لەسەر مێزی ترەمپ بووە، بەرپرسە گەورەکانی ئیدارەکەی رادەسپێرێت قسە لەگەڵ سوودانی بکەن.
25ی شوباتی 2025
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن بە سوودانی دەڵێت:
- دەبێت سنوورێک بۆ پێگەی ئێران دابنرێت.
- ئێران بە "خەبیس" ناو دەبات.
- سوودانی لە بەیاننامەی خۆیدا لەسەر ئەو پەیوەندییە بە هیچ شێوەیەک باسی ئەوە ناکات، کە ئەمریکا ئەو داوایەی لێ کردووە.
9ی ئازاری 2025
مایکڵ وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی ئەمریکا لەگەڵ سوودانی قسە دەکات. سوودانی پێی دەڵێت: عێراق وڵاتێکی سەرنجڕاکێش دەبێت بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمریکا.
دەرگەی بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واڵا دەکات.
16ی ئازاری 2025
وەزیری بەرگریی ئەمریکا پیت هیگست تەلەفۆن بۆ سوودانی دەکات. سوودانی پێی دەڵێت: وڵاتەکەی پابەندە بە پاراستنی راوێژکارە سەربازییەکانی هێزی نێودەوڵەتی لە عێراق.
پابەندن بەوەی کە دەبێت لە عێراق چەک تەنیا لە دەست دەوڵەتدا بێت.
هەڕەشە و پێشنیازەکانی ئەمریکا گەیشتنە نێو جەرگەی دروستکردنی بڕیاری شیعە.
کۆبوونەوەکانی شیعە (16ی ئازار - 9ی نیسانی 2025) بەردەوام بوون: سوودانی بە لایەنەکانی شیعە دەڵێت، بە ئەمریکام گوتووە، کاتم بدەنێ لەگەڵ حەشد و گرووپەکان قسە دەکەم، تاوەکو چالاکییەکانیان رابگرن. ئەوانیش دەست بە کۆبوونەوە دەکەن کە چی بکەن و چ وەڵامێک لە رێگەی سوودانییەوە بگەیەننە ترەمپ.
بەشداربووی کۆبوونەوەکان بەمشێوەیە بووە:
- هێزە شیعەکانی عێراق بەلایەنی سیاسی و چەکدارییەوە،
- مەرجەعییەتی شیعەکان
- ئیسماعیل قائانی، بەرپرسی مەلەفی عێراق لە ئێران.
بژاردەکان:
- شەڕ لە دژی ئەمریکا؟
- یان رێگە بە ئەمریکا بدەن سوود لە پارەی عێراق وەربگرن و کۆمپانیا ئەمریکییەکان بێنە نێو عێراق؟
- ئەمریکا بە سوودانی گوتووە، بە مەرجەکانی واشنتن رازی نەبن، هەنگاوی یەکەم، مووچەی هەموو هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپەکان دەبڕین، چونکە داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق هەموو لە بەردەستی ئەمریکایە.
نامەی ترەمپ بۆ ئێران کە شیعەکانی عێراقیشی دەگرتەوە، خۆی لە کۆشکی سپی نووسیویەتی. روونە، دەڵێت، تاقەتم نییە دانوستاندن بکەم، کاتێکی زۆری پێدەچێت، ئەگەر رێککەوتن نەکەن بژاردەی سەربازی هەڵدەبژێرم.
دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان
- رێککەوتنێک کە بە پارە شەڕی ئەمریکا و ترەمپیان لێ دوور بخاتەوە باشترە، لە شەڕێک کە لاوازکردن و نەهێشتنی بەشێکیان حەتمییە.
- مەرجەعییەتی شیعە و ئێران داوا دەکەن گرووپەکان "بەڵێ" بۆ داواکانی ئەمریکا هەڵبژێرن.
مەرجەکان:
- ئەمریکا لە سەرەتای ساڵی 2026 هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە.
- تاوەکو ئەو کاتە هیچ چالاکییەک دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجام نەدرێت.
دەرەنجامی کۆبوونەوەکانیان بە محەممەد شیاع سوودانی دەڵێن، کە ئیدارەی ئەمریکا ئاگادار بکرێتەوە رازین بە مەرجەکانیان بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بڵێن: (بفەرموون).
بە کردار داواکانی ئەمریکا جێبەجێ کران. لە 9ی نیسانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی گەورەترین گرێبەستی لە مێژووی کەرتی کارەبای عێراق لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان راگەیاند و بانکەکان و بازرگان و وەبەرهێنەرانی ئەمریکای بانگهێشتی بەغدا کرد.
دیمەنەکە دەگۆڕێت
دەبێت بچینە پەرلەمانی عێراق، شوێنێک کە دەبوو نوێنەرایەتیی دەنگی خەڵک بکات، بەڵام ئێستا دیلی هەژموونی گرووپە چەکدارەکانە. ئەوان رەگیان داکوتاوە لە قووڵایی دامەزراوە دەستوورییەکان، نوێنەرانیان وەکو پاسەوانی بەرژەوەندییەکانیان چاودێری دەکەن، هیچ بڕیار و یاسایەک دژی خواست و ئامانجەکانیان تێناپەڕێت.
دەسەڵاتی راستەقینە لێرە لەنێو ژوورە داخراوەکان و رێککەوتنە نهێنییەکان دایە، نەک لە یاسا و دەستووردا. ئەمەیە واقیعی دەوڵەتی ئێستای عێراق.
لە پەرلەمانی عێراق، حەبیب حەلاوی، سەرۆکی فراکسیۆنی سادقون (عەسائیب ئەهلی حەق)، بە زمانی تەحەدا قسە دەکات: لەبەر هێزی چەکداری شیعە، ئەمریکا دەرەقەتی عێراق نایەت، وەکو حەلاوی باسی دەکات، دەبێت ترەمپ خۆی بۆ ئازاردانی زیاتر لەلایەن ئەوانەوە ئامادە بکات.
گفتوگۆکەمان دەستپێکرد و لێم پرسی:
هیڤیدار ئەحمەد: دەڵێن دۆخی ناوچەکە بووەتە هۆی لاوازبوونی شیعەکان و هێزی شیعەکان لە ناوچەکەدا. ئایا ئەمە راستە؟ ئایا شتێکی ئاوا دەبینن؟
حەبیب حەلاوی: نەخێر، ئێستا شیعەکان و عێراق بە گشتی حکومەت و گەل بەهێزن.
هیڤیدار ئەحمەد: بەهێزن؟
حەبیب حەلاوی: بەهێزن. شیعەکان ئێستا بەهێزن.
هیڤیدار ئەحمەد: لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر بەهێزترن؟
حەبیب حەلاوی: بەدڵنیاییەوە.
هیڤیدار ئەحمەد: چۆن؟ پێمبڵێ چۆن؟
حەبیب حەلاوی: لەبەرئەوەی ئەوان حەشدێکیان هەیە.
هیڤیدار ئەحمەد: بەڵام ئەمریکا هەڕەشەی لە گرووپە چەکدارە شیعەکان کرد کە هەڵیان دەوەشێننەوە.
حەبیب حەلاوی: تاوەکو عێراق هەبێت، هەڕەشەی ئەمریکیش هەر دەمێنێتەوە. ئەمریکییەکان بۆچی هەڕەشە لە عێراق دەکەن؟
هیڤیدار ئەحمەد: بۆچی؟
حەبیب حەلاوی: چونکە عێراق بەهێزە. ئەگەر نا، ئەگەر لاواز بووایە داگیریان دەکرد.
هیڤیدار ئەحمەد: عێراق بەهێزە یان حەشد و گرووپە چەکدارەکان بەهێزترن؟
حەبیب حەلاوی: یەکێک لە هۆکارەکانی سەلامەتی و هێزی عێراق حەشدە.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەمریکییەکانیش داوایان کردووە کە جیاببنەوە، واتە گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەڵبوەشێننەوە و بچنەناو دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت.
حەبیب حەلاوی: حەشد دەستەیەکە سەر بە سەرۆکوەزیران.
هیڤیدار ئەحمەد: ئایا چەکەکانیان رادەست دەکەن؟
حەبیب حەلاوی: ئێمە چەکمان نییە. ئێمە چەکمان ئامادەکارییە بۆ شەهیدبوون، تفەنگ و دەمانچە لە بازاڕەکان دەکڕین.
هیڤیدار ئەحمەد: ئایا ئێوە لە ترەمپ و هەڕەشەکانی ترەمپ و ئیسرائیل دەترسن؟
حەبیب حەلاوی: تەنیا لە خودا دەترسین، ترەمپ لە ئێمە دەترسێت.
هیڤیدار ئەحمەد: چۆن؟
حەبیب حەلاوی: ئەو لێمان دەترسێت، ئەو لێمان دەترسێت.
هیڤیدار ئەحمەد: ترەمپ لە گرووپە چەکدارەکان و لە حەشد دەترسێت؟
حەبیب حەلاوی: بەدڵنیاییەوە لە هێز دەترسێت لە ناوچەکەدا. دەترسێت لەوەی کە هێزێکی بەهێز لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت. لە هەر هێزێک دەترسێت، واتە حکومەتەکان ئەگەر هێزێک لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەبێت ئەوا دەترسێت، چونکە ئەو لەسەر باج و دیاری دەژی.
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوەش لە هەڕەشەکانی ترەمپ ناترسن؟
حەبیب حەلاوی: نەخێر.
هیڤیدار ئەحمەد: هەرگیز؟
حەبیب حەلاوی: هەرگیز. من ئەوە تەنیا بۆ میدیا ناڵێم بەڵکو لە راستیدا لێی ناترسین. ئێمە باوەڕمان وایە کە بێزارکردنی ترەمپ رەزامەندی خودای لەدوایە، ئێمەش بەوە خۆمان لە خودا نزیکدەکەینەوە کە ترەمپ بێزاربکەین.
هیڤیدار ئەحمەد: ئیتر هێرش ناکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەو بابەتە کۆتاییهات؟
حەبیب حەلاوی: بۆچی؟ هەر کاتێک ئەمریکییەکان هێرش بکەنە سەر عێراق، لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکییەکان دەدرێت.
شیعەکان خۆیان بۆ قۆناخی دوای رزگاربوون لە گورزە سەربازییەکانی ئەمریکا ئامادە دەکەن، هەیە دەڵێن لە گفتوگۆیەکاندا لەگەڵ ئەمریکا سەرکەوتووین و سەردەکەوین.
هێزی سەنەدی پەرلەمانی، بە نزیکی گرووپی چەکداری "أنصار الله الأوفياء" دادەنرێت، کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، لە بەرامبەر گوتاری تەحەدا، مورتەزا ساعیدی، سەرۆکی فراکسیۆنی سەنەد دیدگایەکی دیپلۆماسیتر پێشکێش دەکات، تەنانەت دەڵێت هیچ ''دووژمنایەتییەکی بنچینەییمان لەگەڵ ئەمریکادا نییە''.
لێی دەپرسم، ئەگەر ئێران لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتن، گرووپە چەکدارەکانی شیعە دەفرۆشن؟
هیڤیدار ئەحمەد: یاسایەک هەبوو، پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی چووە پەرلەمانی عێراق، پاشان ئەو پڕۆژەیە کشایەوە، بۆچی؟ ئایا ئەوە دوای هەڕەشەکانی ئەمریکا هات بۆ لێدانی گرووپە چەکدارە شیعەکان و حەشدی شەعبی؟
مورتەزا ساعدی: سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەناڵێکی دیپلۆماسی هەیە کە بریتییە لە حکومەت و دەزگاکانی بەشێوەیەکی گشتی. هیچ دووژمنایەتییەکی هەمیشەیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە. ئەوان بوون هێرشیان کردە سەر عێراق، ئەوان بوون داگیریان کرد، ئەوان بوون گوشارێکی زۆریان خستەسەر. کەس نییە بێ هۆکار دووژمنایەتی هەڵبژێرێت.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەگەر ئێران لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێت، ئایا ئێوەش ئامادەن لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەون؟
مورتەزا ساعدی: ئێمە بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دەزانن لە ساڵی 2011ـەوە رێککەوتنێکی ئەمنیمان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی هەیە، لەڕووی ئابووری، ئەمنی، سیاسی و کولتوورییەوە. ئەمانە تەواوکەری یەکدین، لایەنی ئەمریکین هەر کاتێک بینییان هەڵوێستی عێراق لە دەرەوەی رێککەوتنەکانە، لە دەرەوەی پابەندییەکانە، ئەوە مافی خۆیانە خۆیان بسەپێنن، بەڵام لایەنی عێراقی پابەندە و پەیوەندییەکانی سەربەخۆن لەگەڵ ئەمریکا و ئێران. بەڵێ، گرژی هەیە و پەیوەندییەکی گەورە هەیە لەنێوان لایەنی عێراقی و لایەنی ئێرانی لەژێر ناونیشانی ئیسلامی، ناونیشانی شیعی. ئەوە لێی راناکەین و هیچ گومان و تۆزێکی لەسەر نییە و، پابەندبوونی لایەنی عێراقییە لەڕووی بیروباوەڕ و ئایین و ئەخلاق و لەڕووی ئیسلامی و شەرعییەوە. کێشەکانی لایەنی ئەمریکی و لایەنی ئێرانی لەنێوان خۆیانە. عێراقیش لەڕووی دیپلۆماسییەوە پەیوەندی پێوەنییە.
هیڤیدار ئەحمەد: دەڵێن ئەمریکا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کە پێویستە گرووپە چەکدارەکانی عێراق چەکە قورسەکانیان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکەن. ئایا ئێوە ئامادەن؟
مورتەزا ساعدی: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئێمە هەمانە رادەستکردنی چەک و گۆڕینی ناونیشان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە رەتکراوەتەوە. هەڵوێستی ئەوان بەرگری و پشتیوانییە بۆ دەزگا ئەمنییەکان بە کردار نەک بە رواڵەت.
هیڤیدار ئەحمەد: ئایا رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران خەڵک دەڵێت لەسەر حسابی گروپە چەکدارەکان و حەشدی شەعبییە لە عێراق، ئەوان دەبنە قوربانی؟
مورتەزا ساعدی: ئێمە ئەزموونمان هەیە. ناتوانین بڵێین کە کەس باسی ئەوە دەکات کە لایەنی ئێرانی هاوپەیمانەکانی خۆی دەفرۆشێت.
هیڤیدار ئەحمەد: ئێران ئێوە نافرۆشێت؟
مورتەزا ساعدی: ئەو بنەمایە رەتکدەکەینەوە، بەڵام لایەنی راگەیاندن بەهێزە، رەنگە لایەنی راگەیاندن زانیاری بدات بە زۆرێک لە شرۆڤەکاران و سەرکردە سیاسییەکان.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەگەر بڵێین ئەو قسەیە راستە، ئایا ئێران ئێوە دەفرۆشێت؟
مورتەزا ساعدی: ئێمە ئەوەندەی هاوپەیمانی ئێرانین، ئەوەندە سەر بە ئێران نین.
هیڤیدار ئەحمەد: ئێران هاوپەیمانەکانی خۆی نافرۆشێت؟
مورتەزا ساعدی: هیچ ئەزموونێک نییە، لایەنی کۆماری ئیسلامی سەرباری ئەو گوشارانەی لەسەری هەیە هەر ماوە. ئێستا دۆخی عێراق لەلایەن حکومەتەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. لەوێ لایەنێک هەیە و ئێستاش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەگەر سەرنج بدەیت لەماوەی رابردوودا سەردانی بەردەوامیان هەیە بۆ لای حکومەت، چ ئەمنی بێت، چ ئابووری. هەروەها کرانەوەیەک هەیە لە لایەنی ئەمریکییەوە بەڕووی حکومەتدا، ئەوەش بۆ حکومەت و هەوڵ و کارەکانی هەژمار دەکرێت.
هیڤیدار ئەحمەد: گرووپە چەکدارەکانیش هێور بوونەتەوە.
مورتەزا ساعدی: ئێستا هیچ کارێکی گرووپە چەکدارەکان نییە.
هیڤیدار ئەحمەد: دژی ئەمریکییەکان.
مورتەزا ساعدی: دانوستان بۆ لایەنی عێراقی بەجێهێڵراوە، بەڵام دۆخەکە هەر وایە، ئەگەر ئەمریکا توندوتیژی نواند، ئەوا رەنگە بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە لە قۆناخی داهاتوودا زیانیان بەربکەوێت. بەبڕوای من ئەوەی من دەیزانم ئەوەیە کە دەستدرێژی دەکاتە سەر عێراق و تەنانەت هەموو ناوچەکەش، بەڵام هیوادارین نەگەینە ئەوە و چارەسەری دیپلۆماسی باشترینە.
لەسەر پردی کۆماری تێدەپەڕین، لە کەرخ بووین دەچینە لای رەسافە.
بەرەو بارەگایەکی گەورەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەچین.. لەوێ بە ئێمەیان گوت هێزێکی فەرمیی دەوڵەتین، گرووپە چەکدارەکان هیچ پەیوەندییان بە حەشدەوە نییە، فەرمان تەنیا لە سەرۆکوەزیران وەردەگرین.
لەوێ گوتیان بە فەرمانی سەرۆکوەزیران کەس بۆی نییە قسە بکات. لەبەر دەرگەی بارەگا ئۆتۆمبێلی زریپۆشی شەڕی داعش دانراون، دەیانەوێت بە هەموو لایەک بڵێن، ئەوێ رۆژێ ئێمە بەهێز بووین.
لە شەقامەکانی بەغدا ئەو ئۆتۆمبێلەم بینی، جامی دواوەی شکاوە، رەنگە ئەمە ئەوەمان پێ بڵێت جەنگ کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا ترس هەر ماوە.
لە شەقامی موتەنەبی، کتێبخانە گەورەکانی عێراقی لێیە.. ئەم پەرتووکە گەورەیەم بینی، باسی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و شەڕەکانی دەکات بۆ پاراستنی عێراق لە ناوەوەی پەرتووکەکە نووسراوە (مەنهەج). مەبەستیان بووە بڵێن، ئێمە تەنیا چەکهەڵگر نین، تەنانەت ئەگەر دەوڵەتیش نەمێنێت، ئێمە هەر دەمێنین.
لەو قەرەباڵخییەی شاری بەغدا، ئەو بارھەڵگرە سەربازییە پڕ لە سەربازەی لە ڤیدیۆکەدا دەیبینن، بەرەو بەرەی جەنگ ناڕوات، بۆ شوێنێکی نادیاری نێو بەغدا دەچێت کە هێشتا بەدوای مانای دەوڵەتدا دەگەڕێت، گرووپەکانی موقاوەمەش دەڵێن، ئەوان پاسەوانی دەوڵەتی عێراقن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ