رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین تەندروستیی تێکدەچێت و دەگەیێندرێتە نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی رۆژی دووشەممە، 21ی نیسانی 2025 بڵاویکردەوە، ئەحمەد تورک سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین تەندروستیی تێکچووە و بەهۆیەوە لەگەڵ شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی نەچووەتە گرتووخانەی ئیمراڵی.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی دەشڵێت: ''ئەو هەر خۆی بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە بەشێوەیەکی رۆتینی چارەسەری وەردەگرت. هیچ پێشهاتێکی نوێ و نەرێنی لەبارەی تەندروستیی ئەوەوە نییە''.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە میدیای تورکیا بڵاوکراوەوە، ئەحمەد تورک دوای ئەوەی تەندروستیی تێکچووە، رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە کراوە.
هاوکات، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندەکە، دوای ئەوەی شەوی سێشەممە، 15ی نیسان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گەیێندرایە نەخۆشخانە و ئێستا لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەدا خەوێندراوە، لەگەڵ شاندەکە نەڕۆیشتووە.
ئەو سەردان و کۆبوونەوانەی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لە کاتێکدان، ساڵی رابردوو هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی پەکەکە و ئەو وڵاتە نرا.
ئەم هەنگاوە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە ''کۆتاییهێنانی تیرۆر'' و لەلایەن دەم پارتییشەوە بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' ناوی دەهێنرێت.
شاندیی ئیمرالیی دەم پارتی بەم سەردانەی ئەمڕۆش، تائێستا چوار جار لە گرتووخانەی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەتەوە.
ئەحمەد تورک کێیە؟
- سیاسەتڤانێکی کوردە
- رۆژی 2ی تەممووزی 1942 لە مێردینی باکووری کوردستان لەدایک بووە
- ساڵی 1954 دەستی بە کاری سیاسی کردووە
- ساڵی 1973 بۆ یەکەمین جار بووە پەرلەمانتاری پارتی دیموکرات لە بازنەی مێردین
- لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2014، 2019 و 2024 لە تورکیا، بۆ سێجار لەسەریەک بە گەورەشارەوانیی مێردین هەڵبژێردراوە
- لە ساڵانی 2016، 2019 و 2024 قەییوم لە شوێنی دانراوە
- ئەندامی شاندی دەم پارتیی ئیمراڵییە بۆ ئەو پرۆسە چارەسەرییەی لە 2024 لە نێوان حکومەتی تورکیا و کورد دەستیپێکراوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ