ئاژەڵەکانی هەرێمی کوردستان دەشۆردرێن

21-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەفتەیەکە تیمێکی ڤێتێنەری سەردانی ئاژەڵداران دەکەن و ئاژەڵەکانیان بە دەرمان بۆ دەشۆن. 
 
رۆژی دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ساڵێک لەم کاتانە، ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون لەناو ئاژەڵان بڵاودەبێتەوە، بۆ ئەوان ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە دەکەن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "هەفتەیەکە تیمێکی ڤێتێنەریمان پێکهێناوە، رۆژانە سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە ئاژەڵیان لێیە، سەرەتا ئاژەڵەکان بە دەرمان دەشۆن، دواتر دەرزییان لێدەدەن تاوەکو ئەگەر ئەو ڤایرۆسە لەناو خوێنیشیان هەبێت، نەمێنێت." لەبارەی چۆنییەتی شۆردنی ئاژەڵەکانیش، رابەر محەممەد گوتی: "ئاژەڵەکان بەنێو حەوزێکی درێژدا دەبردرێن کە تێیدا دەرمان تێکەڵ بە ئاو کراوە، لەوسەریشەوە دێنە دەرەوە." 
 
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری داوا لە هاووڵاتیان دەکەن، دووربکەونەوە لە کڕینی گۆشتی سەر شەقام، چونکە ئەوان مەترسیدارن و هۆکاری سەرەکی گواستنەوەی ڤایرۆسەکانن، گۆشتی تەندروست دەبێت لەدوای سەربڕینی ئاژەڵ 18 بۆ 19 کاژێر لە ساردکەرەوەکاندا بمێنێتەوە، چونکە 95٪ـی ڤایرۆسەکان ناچالاک دەکات و توانای گواستنەوە بۆ مرۆڤیان نامێنێت."
 
بە گوتەی رابەر محەممەد، سبەی وەزارەتەکانی ناوخۆ، تەندروستی و کشتوکاڵ کۆدەبنەوە و کۆمەڵێک رێکاری نوێ بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون دەردەکەن و هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە، گوتیشی: "هەموو ڤایرۆسێکی ئاژەڵان بۆ ماوەی 21 رۆژ مەترسیدارە، دوای ئەو کاتە هەر ڤایرۆسێک بێت لەناودەچێت و ئێمەش لەو ماوەیەدا رێکارەکان تووند دەکەین بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان."
 
ساڵی 2023، لە هەرێمی کوردستان 9 کەس بە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستدا، بەڵام پار هیچ کەسێک بەهۆی تای خوێنبەربوون نەمرد.
 
تائێستا لە کەرکووک دوو کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە.
 
بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و لەسەر داواکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە ساڵی 2023ـەوە دوو ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی دەرمان تەرخان کراوە، تاوەکو ساڵانە لە کاتی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون بەکاربهێندرێت.
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و جاروباریش دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: رێژەی مردن لەنێو تووشبووان %10 بۆ %40ـە. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ کە رێگەکانی گواستنەوە بریتین لە:
 
- لە کاتی پێوەدانی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
 
- لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
 
- لە کاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
 
- خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
 
- بەریەککەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو
 
- بەریەککەوتن لەگەڵ جرج و مشک
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارۆخ داوا دەکات خەڵکی بیانی زیاتر بە ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان ئاشنا بکرێن.

گەنجێکی کورد نزیکەی 40 وڵات گەڕاوە و چاوی لە گەشتی زیاترە

کارۆخ گەنجێکی هەولێرە و نزیکەی 40 وڵات گەڕاوە. لە وڵاتانی ئەورووپاوە بگرە تاوەکو ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەو ئێستا لە پێشانگەی گەشتوگوزارە لە هەولێر و یەک بە یەک لەگەڵ کۆمپانیاکان گفتوگۆ دەکات بۆ ئەوەی شوێنێکی دیک بدۆزێتەوە و گەشتی بۆ بکات.