رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا هۆشداری لێزمەباران و لافاو لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان دەدات. پێشبینی دەکات کەشەکە سبەیش بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینییەکانی کەشوهەوای تورکیا و باکووری کوردستانی بڵاوکردەوە. رایگەیاند، لە پارێزگاکانی خارپێت، مەلەتێ، دێرسم، چەولیگ، مووش، بەدلیس، ئامەد، سەمسوور، سێرت، شرنەخ و جۆلەمێرگ تەواوی رۆژ لێزمەباران دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری لافاوی لەم 11 پارێزگایە دا و راشیگەیاند، خێرایی با لەنێوان 70-80 کم دەبێت لە کاژێرێکدا.
هەر بەپێی پێشبینییەکە، لە هەشت پارێزگاکەی دیکەی باکووری کوردستانیش نمەباران بەشێوەی پچڕ پچڕ دەبارێت.
سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاو (ئافاد) لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریدا لە ئەگەری هەر چەشنە کۆبوونەوەی ئاو، لافاو، هەورە تریشقە و بای بەهێز کە گرفت بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانییان دروست بکات. داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، ئاگاداری خۆیان بن و زۆر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە. لە هەر رووداوێکی نەخوازراویشدا داوایان لێ دەکات پەیوەندیی بە هێڵە گەرمەکانەوە بکەن بۆ بەهاناوەچوونیان.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هەمان هۆشداری بۆ ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر و زۆربەی پارێزگاکانی هەرێمی دەریای بڵاوکردووەتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، لافاو لە ئیستەنبووڵ و ئیزمیر دروست دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ