سەرۆک بارزانی: پاپا فرانسیس رۆڵێکی بەرزی لە بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتیدا هەبوو

21-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و پاپای بە "پیاوێکی مەزن" ناوبردووە و دەڵێت، "رۆڵێکی بەرزی لە بڵاوکردنەوەی پەیامی مرۆڤدۆستی و ئاشتیدا هەبوو."
 
سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی کریستیانەکان لە کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و دەڵێت، "خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم."
 
پاپا فرانسیس ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆیە و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان بوو. لە 13ـی ئاداری 2013 وەک 266ـەمین پاپای ڤاتیکان دیاریکرا.
 
پاپا فرانسیس لە 17-12-1936 لەدایکبووە، یەکەم کەسی بە رەچەڵەک ئەمریکای باشوور بوو کە ببێتە پاپا؛ ھاوکات دووەم کەسایەتیی کاسۆلیکی دەرەوەی کیشوەری ئەورووپا بوو دوای گریگۆری سێیەم ئەو ناسناوەی وەرگرتبێت. دوای تووشبوون بە نەخۆشی، ئەمڕۆ دووشەممە 21ی نیسانی 2025 لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان (پاپا فرەنسیس)ـم پێ گەییشت. پاپا فرەنسیس پیاوێکی مەزن بوو کە ڕۆڵێکی بەرزی لە بڵاوکردنەوەی پەیامی  مرۆڤدۆستی و ئاشتیدا هەبوو.
 
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی خوشک و برایانی مەسیحی لە کوردستان و عێراق و سەرانسەری جیهان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
 
رۆحی قەداسەتی پاپا فرەنسیس شاد بیت و لە خودای گەورە داواکارم سەبر و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.
 
مسعود بارزانی 
21ی نیسانی 2025
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە