رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی دەم پارتی بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، لە هەولێرە. پەرلەمانتارێکی پارتەکە دەڵێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بەرەو پێشەوە بچێت، پێویستە تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان رابگرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 21-04-2025، مەراڵ دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا کە هاوکات ئەندامی شاندەکەی دەم پارتییە لە هەولێر، لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''دوێنێ هاتووینەتە هەولێر و ئەمڕۆ دەستمان بە کارەکانی خۆمان کردووە، سێ رۆژ لێرە دەمێنینەوە.''
لەدوای دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کریکارانی کوردستان (پەکەکە) کە 27ـی شوبات بڵاوکرایەوە، ئەوە سێیەم جارە شاندی دەم پارتی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
مەراڵ دانش بێشتاش گوتی: ''ئێمە دەمانەوێت گەلی کورد، سەرکردەکانی کورد، پارتە کوردییەکان تێکەڵ بە پرۆسەکە ببن، بۆچوون و پێشنیازی خۆیان لەسەر پرۆسەی ئاشتی بڵێن، پێکەوە شرۆڤەی بکەین، چونکە پرۆسەکە دەستکەوتی بۆ هەر کوردێک هەیە کە لە هەر شوێنێکی جیهان بژی.''
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی سەردانەکەی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت، ''بەڕێز ئۆجەلان بانگەوازێکی گرنگی کرد کە لە زۆر شوێن وەڵام درایەوە، ئێستاش کاتی هەنگاونانە.''
مەراڵ دانش بێشتاش جەختی لەوە کردەوە، پێویستە ئازادیی زیاتر بە ئۆجەلان بدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر دیدارەکانی خۆی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی و لایەنەکانی دیکە رێکبخات.
قسەکانی ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی لەکاتێکدان کە ئەمڕۆ دووشەممە، شاندی ئیمراڵی بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵیان کردووە.
مەراڵ دانش ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە مەودای نێوان ئەو دیدارانە زۆر نەبێت، ''لەبەر ئەوەی ئێمە نامانەوێت ئەو پرۆسەیە گەلێک دوور و درێژ ببێتەوە، چونکە هەر چەند درێژە بکێشێت، ئەوەندەش پرۆسەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە.''
لەگەڵ ئەوەی ئێستا پرۆسەی ئاشتی لەنێوان تورکیا و کورد رۆژەڤە، بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی، تەنیا لە مانگی ئاداردا، سوپای تورکیا 55 هێرشی لە سنووری پارێزگای هەولێر و 51 هێرشی لە سنووری پارێزگای دهۆک و 12 هێرشیشی لە سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە.
مەراڵ دانش بێشتاش گوتی، ''بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت، پێویستە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بەوەستێنرێن، لە هەموو لایەکەوە پێویستە هەنگاوی دیموکراسی بنرێت کە ئێمە ئەوە نابینین، واتا ئۆپەراسیۆنەکان و دەستگیرکردن بەردەوامن، بەڵام پێویستە هەنگاوی زیاتر بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە بنرێت.
شاندەکە پێکهاتووە لە مەراڵ دانش، سالیحە ئایدەنیز، سەرحەد ئەرەنی، پەرلەمانتارانی دەم پارتی و چەند ئەندامێکی دیکەی پارتەکە.
شوباتی ئەم ساڵ شاندێکی باڵای دەم پارتی کە ئەندامانی شاندی ئیمراڵییان لەنێودا بوو، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پرۆسەی ئاشتییان تاوتوێ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ