رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە مامۆستایانی سنووری سلێمانی دوای رۆژێک لە وەرگرتنی مووچەکانیان بەردەوامن لە بایکۆتکردنی دەوام و هۆڵەکانی خوێندن، وەکو دەربڕینی ناڕەزایی و پاڵپشتیکردنی مامۆستایانی وانەبێژ.
داوای مووچەی مانگی تەممووز بۆ مامۆستایانی وانەبێژ و مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی خۆیان دەکەن، شەقامی سەرەکی بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانیان داخستووە.
دڵنیا جەمال، مامۆستای وانەبێژە لە سلێمانی بە رووداوی گوت، "من شەش ساڵە مامۆستای وانەبێژم و مووچەکەم 400 هەزارە، مووچەی ئەو مانگانەی کە دەواممان نییە تەنیا200 هەزارە، ئێمە تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی حەوتمان وەرنەگرتووە، مامۆستایانی دامەزراو مووچەی ئەو مانگەیان وەرگرتووە بەڵام ئێمە ئەوەشمان وەرنەگرتووە."
بەڕێز عومەر، مامۆستایەکی دیکەی وانەبێژە دەڵێت، "ساڵێکمان بە ئیشەڵا و ماشاڵا تێپەڕاند، ساڵێک یان دوو ساڵ، ئێ ژیان بەمشێوەیە ناڕوات، جەنابی وەزیر بۆ قسە ناکەیت بۆ رۆژووی بێدەنگی ناشکێنیت؟"
لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و زۆرینەی قەزا و ناحییەکانیان گردبوونەوەی مامۆستایان دەستیپێکردووە، زۆرینەشیان مامۆستایانی وانەبێژن، چونکە ئەوان کە ژمارەیان 36 هەزار و 542 مامۆستایە لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا مووچەی مانگی تەممووزیان پێنەدراوە.
ئازاد ئەحمەد، مامۆستای وانەبێژە لەرانیە، باسی دۆخیانی کرد و گوتی، "مانگانە من 300 هەزارم هەیە، دەیانەوێت بەو حاڵە پەروەردە مامۆستا وانەیان بۆ بڵێتەوە و نەوەی داهاتوو پێ بگەیێنێت؟" مامۆستایەکی وانەبێژیش لە گەرمیان دەڵێت، خەڵک هەیە 11 ساڵە مامۆستای وانەبێژە دانەمەزراوە.
بەرپرسانی پەروەردە و ئەنجوومەنی مامۆستایان پشتگیری داواکانی مامۆستایان دەکەن. عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە رووداوی گوت: "داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و کەسووکاری خویندکاران دەکەم بێنە پاڵ ئەم خۆپیشاندانەوە و پشتگیری لە داوای رەوای مامۆستایان بکەن، چونکە بەڕاستی بە فشار نەبێت حکوومەت مووچە نادات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ