بەکر عەلی: ئەم ساڵ رێژەی کۆچ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە

دوێنێ کاژێر 01:42
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت، لە ساڵی 2023ـوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 هەزار و 500 هاونیشتمانیی لە هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە.
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 25-3-2025) بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ساڵی 2023 بۆ 2024، زیاتر لە 21 هەزار کەس لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کۆچیان بۆ وڵاتانی ئەورووپا کردووە، لەو ژمارەیە نزیکەی 3 هەزار و 500 کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون."
 
بەگوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، لە کۆی گشتیی ئەو ژمارەیەی لە ساڵی 2023 بۆ 2024 کۆچیان کردووە، 37 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، کە شەش کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون. 
 
لە ساڵی 2024 بۆ 2025 لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 8 هەزار کەس کۆچیان کردووە و بەشی هەرەزۆریان گەنجن. لەو ژمارەیەشدا 2 هەزار و 300 کەس خەڵکی دەڤەری راپەڕینن. هاوکات لە 2024ـدا 46 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، کە 16ـیان خەڵکی راپەڕین بوون.
 
لەبارەی کۆچکردن لەم ساڵدا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان روونیکردەوە، "خۆشبەختانە ئەم ساڵ رێژەی کۆچ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە."
 
سەبارەت بە هۆکارەکەش، دەڵێ "بەهۆی جیهانبینیی وڵاتانی ئەورووپا بەرامبەر بە کۆچبەر و بەرنامەی کاری تازەی وڵاتان بۆ خاڵیکردنی وڵاتەکەیان لە کۆچبەرانی بێماف بووە. هاوکات کۆبوونەوەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و عێراق، هۆکارێکی دیکەیە."
 
بەگوێرەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، بەپێی ئەو داتا سەرەتایی و نافەرمییانەی لەبەردەستدان، لە سێ مانگی ئەم ساڵدا، زیاتر لە 1500 کەس کۆچیان کردووە، کە 160 بۆ 170 کەسیان، هاووڵاتیی سنووری دەڤەری راپەڕین بوون.

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە