بۆ یەکەمجار ناوی نزیکەی 10 هەزار پێشمەرگە بۆ وەرگرتنی زەوی ئامادە دەکرێت

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە بۆ یەکەمجار لیستێک لە ناوی پێشمەرگە بۆ وەرگرتنی زەوی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکرێت. بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی لەو لیستەدا سوودمەند دەبن نزیکەی 10 هەزار کەسن.
 
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیستی کاروانێکی پێشمەرگە بۆ وردبینی بنێرینە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە نزیکەی 10 هەزار پێشمەرگەن".
 
بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی ئاماژەی بەوەکرد، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین بۆ وەرگرتنی زەوی وردبینی لە ناوەکانیان تەواو بووە و نزیکەی 260 هەزاریان رەزامەندی وەرگرتنی زەوییان وەرگرتووە".
 
لەبارەی ئەو 40 هەزار فەرمانبەرەی دیکە کە وردبینی لە ناوەکانیان تەواو بووە و رەزامەندی وەرگرتنی زەوییان وەرنەگرتووە، سەربەست مەولوود گوتی: "ئەمڕۆ و سبەی ناوی هەموویان دەنێرینە ئەنجوومەنی وەزیران".
 
نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر و لە 27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
 
لە قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەویدا، کۆتایی ساڵی رابردوو لە هەولێر 5 هەزار پارچە زەوی، لە سلێمانی 6 هەزار و 577، لە دهۆک هەزار، زاخۆ هەزار و 241 پارچەزەوی و لە گەرمیان دوو هەزار و 474 پارچە زەوی دابەشکران.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک دەبێت بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە