گوتەبێژی خانەنشینان: گەڕانەوەی مامەڵەی خانەنشینان بۆ هەولێر کێشە بۆ مووچە دروست دەکات

دوێنێ کاژێر 12:18
ژیڤان بەکر
سادق عوسمان، گوتەبێژی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان
سادق عوسمان، گوتەبێژی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ ئەوەی راییکردنی مامەڵەی خانەنشینان زیاتر دوانەکەوێت و مووچەکانیان ببەسترێت، پێویستە تیمەکانی وردبینی زیاد بکرێن؛ کاری لەپێشینە بۆ خانەنشینان بکرێت و جیاوازی لە راییکردنی مامەڵەدا نەکرێت.
 
رۆژی سێشەممە، 25ی 3ی 2025، سادق عوسمان، گوتەبێژی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو دا کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد، گوتی: "ژمارەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان زیاترە لە 25 هەزار کەس. لەدایکبووانی ساڵی 1965 لە خانەنشینبوون نزیک دەبنەوە. بەو پێیەش ژمارەی خانەنشینان زیاد دەبێت."
 
گوتەبێژی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەهۆی خانەنشینبوونی فەرمانبەران لەم قۆناخەدا بارگرانییەکی زۆر لەسەر بەرێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان دروست بووە. هەرچەندە وەزارەتی دارایی رێگەی دا کە هەرکەس لە شاری خۆی مامەڵەکان رایی بکات، بەڵام سەری نەگرت و مامەڵەکان دەبێ بگەڕێندرێنەوە بەرێوەبەرایەتیی گشتی لە هەولێر. ئەو بارگرانییەش زیان بە کەیسی مووچەی خانەنشینان دەگەیێنێت و کێشەی گەورەی دروست کردووە."
 
ئەم ساڵ بەهۆی یاسای خانەنشینینیی عێراقەوە، زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون.
 
سادق عوسمان روونیکردەوە، "پێویستە لەم دۆخەی ئێستا دروست بووە، چەند خاڵێک رەچاو بکرێت بۆ ئەوەی مامەڵەکانیان زیاتر دوانەکەوێت. یەكێک لەو خاڵانە پێویستە تیمەکانی وردبینی لە بەڕێوبەرایەتیی خانەنشینیی گشتیی زیاتر بکرێن؛ کاری لەپێشینە بۆ خانەنشینان بکرێت. خاڵێکی زۆر گرنگ، بیستوومانە جیاوازیی دەکرێت لە راییکردنی مامەڵەکاندا، پێویستە جیاوازی نەکرێت و داوای دادپەروەری دەکەین."
 
بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵانی 1962، 1963 و 1964 خانەنشین بوون.
 
گوتەبێژی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، "خانەنشینی هەرێمی کوردستان لە مانگی 11ی ساڵی 2024ـەوە مووچەیان وەرنەگرتووە و تاوەکو ئێستا دەکاتە 5 مانگ. هاوکات ئەوانەی خانەنشین دەبن بەتەمەنن و ناتوانن ئیش بکەن؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئیشیش نییە بیکەن."
 
لەبارەی ئەوەی چەند کەس مامەڵەکانیان تەواو بووە، بە گوتەی سادق عوسمان "لە سلێمانی نزیکەی 11 هەزار خانەنشین هەن؛ ژمارەی ئەوانەی مامەڵەیان تەواو بووە ناگاتە 150 تاوەکو 200 کەس. گوتیان بۆ ئەو ژمارەیە، مووچەی مانگی 1 و 2یش لەگەڵ مانگی 3 بۆیان بەستراوە."
 
100 هەزار دیناری لە خانەنشینان بڕدراوە، لەبارەی ئەوەی ئایا قەرەبوو دەکرێنەوە؟ گوتەبێژی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، "ئەو پارەیەی بڕدراوە جیاوازە لە مووچەکانیان؛ چونکە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە و لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە. ساڵانەش بڕیارەکە نوێدەکرێتەوە. داواکراوە بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و چەند هەنگاوێکیشی بڕیوە. ئومێد دەکەین لە مانگی چوار بۆیان بگەڕێتەوە و هیواداریشین مانگەکانی 1 و 2یشیان بۆ خەرج بکرێن."
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
 
سادق عوسمان باسی ئەو خانەنشینانەی کرد کە مامەڵەکانیان تەواو دەبن، لەگەڵ مووچەی مانگانە دا چیان بۆ خەرج دەکرێت: "دوو جۆر مووچە بە خانەنشین دەدرێت، یەکیان 6 مانگی بنەڕەتییە کە مۆڵەتی کەڵەکەبووی هەبێت و وەرینەگرتبێت. بەداخەوە ئەمە لە هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشین خەرج نەکراوە. هاوکات مووچەی ساڵێکیش بە خانەنشین دەدرێت."
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی شارستانی هەن؛ هەروەها نزیکەی 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە