رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەدەچێت و کۆتایی بە "پلەبەرزکردنەوەی بەلێشاو و نایاسایی" هاتووە.
نووسینگەی وەزیری پێشمەرگە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە ساڵی 2019ـەوە زیاتر لە 20 خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کە پێشتر کەڵەکە ببوون، جێبەجێ کراون و پلەی شایستەی خۆیان وەرگرتووە. هەروەها چەند خشتەیەکی دیکەی پلەبەرزکردنەوە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراون و چاوەڕێ دەکرێت بەم نزیکانە بگەڕێنەوە وەزارەت.
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە چوارچێوەی بنەما و مەرج و رێنماییە یاساییەکاندا دەبێت و هیچ ئەفسەرێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە پلەی بەرزناکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئەوە رەتکراوەتەوە کە هیچ جیاوازییەک لە مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانی 70 و یەکە سەربازییەکانی دیکەدا هەبێت: "هیچ جیاکارییەک لە پێدانی ئازووقە بە فیرقەی یەک و دوو نییە و سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە ماف و شایستەکانیاندا یەکسانن".
دەقی راگەیێندراوەکە:
1. دەربارەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی فەرماندەیی هێزەکانی 70، وەزارەتی پێشمەرگە بە یەک لیست ساڵانە لە مانگی ئادار و ئەیلوولدا سەرجەم خشتەکانی پلەبەرزکردنەوە ئامادە دەکات و ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکات. (ساڵانی پێشوو پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بۆ ماوەی چەند ساڵ راگیرابوو و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە بێبەشبوون لە مافی پلەبەرزکردنەوەیان) بە هەوڵی تیمی باڵای وەزارەت توانراوە کاری جددی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بکرێت بە کۆی گشتیی لە ساڵی 2019ـەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە 20 خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کە لەوەوپێش کەڵەکەببون و نەکرابوون لە وەزارەت، توانراوە پلەکانیان بەرزبکرێتەوە و پلەی شایستەی خۆیان وەربگرن. لە ئێستاشدا چەند خشتەیەکی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و کارەکانیان تەواو بووە، چاوەڕوانین بەم نزیکانە بگەڕێنەوە وەزارەتی پێشمەرگە. بەم هەنگاوە بەردەوامانە توانیومانە دۆخی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگە بخەینەوە سەر راستەڕێی یاسایی و ئاسایی خۆی. لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کۆمەڵێک بنەما و مەرج و رێنمایمان داناوە کە لەو چوارچێوەیەدا ئەفسەران پلەیان بەرزدەبێتەوە وەکو تر هیچ ئەفسەرێک لە دەرەوەی رێنمایی و مەرجە یاساییەکان و بەبێ پایە، شایستەی پلەبەرزکردنەوەی جێبەجێ ناکرێت. بەمەش کۆتایی بە پلەبەرزکردنەوەی بەلێشاو و نایاسایی و ناسەربازیی هاتووە لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
2- دەربارەی راگرتنی نووسراوەکانی هێزەکانی 70 لە ناو بەشە کارگێڕییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، رایدەگەیەنین ئەم بابەتە دوورە لەڕاستی نووسراوەکانی هێزەکانی 70 کاری یاسایی خۆی لەسەردەکرێت هەر نووسراوێکیان هەبێت لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکاندا جێبەجێ دەکرێت و کراوە.
3- دەربارەی جیاوازی لە پێدانی ئازووقە بۆ فیرقەی یەک و دوو لێرەوە رایدەگەیەنین؛ هیچ جیاکاریەکی بنەڕەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە بوونی نییە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەرجەم ماف و شایستەکانیان یەکسانن و بەبێ هیچ جیاوازییەک ئەوەی لەبەردەستی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت بەسەر هەموو یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابەشکراوە.
4- بەڕێز وەزیری پێشمەرگە، پارێزەری ماف و شایستەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و جێبەجێکارێکی سەرسەختی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی هەتاکو ئەمڕۆ بەردەوام سەرپەرشتی پرۆسەی چاکسازی و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەکات، پێداگرە و ویستی جددیی و ئیرادەیەکی نیشتیمانی بەهێزی هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و دامەزراندنی ژێرخانی سەربازی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بنیاتنانی ناوچەکانی سەرکردایەتی و فیرقەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا. بە چادێری و بەدواداچوونی بەردەوامی بەرێز وەزیری پێشمەرگە توانراوە پرۆسەی چاکسازی قۆناغی زۆرباش ببڕێت و ببێت بە بنەما و بەرنامەی کارکردن لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ببێتە واقع و دەرئەنجامی زۆرباش بەدەست بهێنرێت.
ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە لە قۆناخێکی بەهێز و سەرکەوتوودایە وەک یەک تیمی پێکەوەیی کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی کوردستانی. پێویستیشمان بە پشتیوانی و پاڵپشتی هەمووان هەیە و دەبێت هاوکارمان بن لەو ئەرکە سەختەی پێمان سپێردراوە نەک سەنگەری دژایەتیمان لێ بگرن.
نووسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ