رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، زیاتر لە 141 هەزار قوتابی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە قۆناخی باخچەی ساوایانەوە تاوەکو 12 ئامادەیی، لە خوێندنی کوردی دەخوێنن.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 100 هەزار قوتابیی کورد لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو پۆلی 12ی ئامادەیی لە خوێندنی کوردی دەخوێنن، کە ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لەدوای 2003 و 1200 قوتابیشی لە وەرزی خوێندنی پار زیاترە."
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خوێدندنی کوردی لە کەرکووک 550 قوتابخانە هەن، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردیی کەرکووک دەڵێت، "لە بەشێکی قوتابخانەکاندا بەهۆی زۆریی ژمارەی قوتابیانەوە گوشار دروستبووە، کە هەندێک قوتابخانە هەن سەرووی 1000 قوتابییان تێدایە."
لە سنووری کەرکووک، زیاتر لە 9000 مامۆستا و فەرمانبەر سەرپەرشتیی خوێندنی کوردی دەکەن.
مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال، کە سەرپەرشتیی خوێندنی کوردی دەکات و سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنووری شنگال 12 هەزار قوتابیی کورد لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە کوردییەکاندا دەخوێنن، 16 هەزار قوتابییش کە نیشتەجێی کەمپەکانن، لە قوتابخانە کوردییەکانی نێو کەمپەکاندا دەخوێنن."
بە گوتەی مەیسەر حەجی، لە سنووری شنگال 110 قوتابخانەی خوێندنی کوردی هەن، ئەگەر لایەنی زۆرینەش وەربگرین؛ قوتابخانەمان هەیە کە نزیکەی 700 قوتابی تێدایە."
وەک بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال دەڵێت، هەندێک لە قوتابخانەکانی شنگال دوو دەوامیان تێدا دەکرێت، هەردوو خوێندنی کوردی و عەرەبیان تێدا دەخوێندرێت.
لە شنگال 1650 مامۆستا و فەرمانبەری میلاک و، 1130 مامۆستای وانەبێژ پرۆسەی خوێندنی کوردی بەڕێوەدەبەن.
د. سیروان مەخمووری، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەسەر ناوچە دابڕێنراوەكان، لەبارەی دۆخی خوێندنی کوردی لە مەخموور بە رووداوی راگەیاند، "لە سنووری مەخموور، نزیکەی 8500 قوتابیی کورد لە 78 قوتابخانە و باخچەی ساوایاندا خوێندنی کوردی دەخوێنن."
هەروەها گوتیشی، "ئەگەر بە گوێرەی ستانداردی جیهانی بێت، بەشێکی قوتابخانەکان بەهۆی زۆریی قوتابییەوە گوشاریان لەسەرە، بەڵام لە سنووری مەخموور هیچ قوتابخانەیەکی کوردی دوو دەوامی تێدا ناکرێت."
د. سیروان ئاماژەی بەوەش دا، "لەسەر میلاکی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ، خەریکن قوتابخانەی نوێ دروست دەکەن، بەڵام دەڵێن ئەو قوتابخانانە نادەین بە خوێندنی کوردی. 3 قوتابخانە لەسەر ئەو میلاکە تەواوکراوە، یەک دانەیان دراوەتە خوێندنی کوردی."
لە سنووری مەخموور، 863 مامۆستا وانەی کوردی دەڵێنەوە.
لە خانەقینیش هاوشێوەی ناوچە دابڕاوەکانی دیکە خوێندنی کوردی هەیە. حەسەن محەممەد تاڵەبانی، بەڕێوەبەری بەشی کوردیی پەروەردەی خانەقین بە رووداوی گوت، "لە بەشی کوردیدا نزیکەی 4700 قوتابی لە 32 باخچەی ساوایان و قوتابخانەدا دەخوێنن."
لە خانەقین 3 هەزار و 300 مامۆستا و فەرمانبەر خوێندنی کوردی بەڕێوەدەبەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ