کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەنێوان دهۆک و زاخۆ دەکەوێتە کار

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک رایگەیاند، کامێراکانی چاودێریی تیژڕۆیی لەنێوان شارەکانی دهۆک و زاخۆ دەکەونە کار.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ سێشەممەی هاتووچۆی دهۆک، کامێراکان لە 15-04-2025ـەوە بە فەرمی سەرپێچی تۆمار دەکەن.
 
رێگەی نێوان دهۆک و زاخۆ دوو سایدە، بەگوێرەی هاتووچۆی دهۆک، بەرزترین خێرایی رێگەپێدراو بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت 100 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و بۆ بارهەڵگرەکان 80 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا.
 
ئەوەش لە کاتێكدایە، لە زۆرینەی رێگە دوو سایدەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان، کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دانراوە؛ لەوانەش، نێوان هەولێر – دهۆک، سلێمانی – دووکان، چەمچەماڵ – سلێمانی، شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتریی هەولێر.
 
جگە لە کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ، چەند جۆرێکی دیکەی کامێرا بۆ هەمان ئامانج دانراون یان رۆژانە دادەنرێن، لەوانەش کامێرای جێگیر کە لە یەک خاڵدا خێرایی تۆمار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جۆری کامێرا هەن کە گەڕۆکن و پۆلیس و ئەفسەرانی هاتووچۆ هەر جارەو لە رێگەیەکدا دایدەنێن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دانانی کامێراکان بۆ بەرژەوەندیی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە. هاونیشتمانیانیش نیگەرانن لە بەرزیی نرخی سزای سەرپێچییەکان، کە لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 230 هەزار دینار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە