شووشتنی تانکەرێکی سووتەمەنی، سەرچاوەی ئاوی زیاتر لە 100 هەزار کەسی سنووری کۆیە پیس دەکات

دوێنێ کاژێر 11:50
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی تێكەڵبوونی مادەی زیانبەخش بە ئاوی زێی بچووك، دابەشکردنی ئاو لە کۆیە و تەقتەق راگیرا. 
 
هۆگر کەیفی، بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە، ئەمڕۆ (سێشەممە، 25-3-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە ئەمڕۆوە دابەشکردنی ئاوی خاوێن لە قەزاکانی کۆیە و تەقتەق، هەروەها ناحیەی ئاشتی و سێگردکان راگیراوە، ئەویش بۆ سەلامەتی تەندروستیی هاووڵاتییان."
 
لەبارەی هۆکاری پیسبوونی ئاوەکەوە، هۆگر کەیفی دەڵێت، "کەسێک، تانکەری نەوتی رەشی لە سەرچاوەی ئاوەکە شۆردووە و بەهۆیەوە ئاوەکە بۆنی گرتووە."
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ئەو کەسانەی حەوزیان لەسەر ئاوی زێی بچووک هەیە، ماسیان مردار بووە و هەستیان بە پیسیی ئاوەکە کردووە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی قەزای کۆیەیان ئاگادار کردووەتەوە.
 
ئاوی زێی بچووک، سەرچاوەی بەشێکی دانیشتووانی ئیدارەی راپەڕینیشە، بەڵام پیسبوونی ئاوەکە لەنێوان گوندی بۆگدی و کانی بی بووە و، دوورە لە ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە، لە دوای پیسبوونی ئاوەکە لە هیچ شوێنێک ئاویان بۆ خەڵک بەرنەداوەتەوە، بۆ ئەوەی ئاوی تانکی ماڵان بە خاوێنی بمێنێتەوە و بتوانن بەکاریبهێنن.
 
هۆگر کەیفی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ دووبارە ئاوەکە دەپشکنن، دوای نەمانی بۆنەکەی و دڵنیابوونەوە لە خاوێنبوونەوەی دابەشکردنی ئاو دەستپێدەکەنەوە. 
 
گوتیشی: "بەدڵنیاییەوە ئەمڕۆ ئاو دابەش ناکرێتەوە، جارێ دڵنیاش نین لە رۆژەکەی".
 
25 هەزار هاوبەشی ئاو لەو سنوورەدان کە سەرچاوەی ئاوەکەیان پیس بووە. هۆگر کەیفی گوتی، جگە لە گوندەکان، تەنیا لە قەزا و ناحیەکان دابەشکردنی ئاوی زیاتر لە 100 هەزار کەس وەستێندراوە.

 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە