رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو یەکەم رێکاری بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ دەستپێدەکات و بڕیارە لە رۆژی یەکشەممەوە بایۆمەترییان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی ناویان بخرێتە نێو لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولەوە.
عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە لە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتووە فۆڕمی بایۆمەتری بەسەر مامۆستایانی وانەبێژ دابەشبکرێت بۆ ئەوەی مووچەی مانگی ئەیلوولیان بۆ ببەسترێت و بخرێنە نێو لیستەکانی مووچەوە."
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەو هەفتەیە سەرجەم پەروەردەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و قەزاکان کارەکانیان تەواو بکەن و بایۆمەتری بۆ مامۆستایانی وانەبێژ بکرێت و تەواو ببێت.
رۆژی 25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکرێنە گرێبەست.
ئێستا کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت، بەڵام دوای گرێبەستکردنیان تەواوی مووچە و شایستەکانیان زیاتر دەبێت.
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار و 543 وانەبێژن، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە. وانەبێژان بۆ کردنیان بە گرێبەست، مانگانە پێویستیان بە 18 ملیار دینار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ