رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی مامۆستایانی وانەبێژ و میلاک لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، گەرمیان و قەزای کۆیە ئەمڕۆ خۆپێشاندانیان دەستپێکرد و رایانگەیاند، ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی، جگە لە مامۆستایانی وانەبێژ و میلاک، ژمارەیەک لە قوتابییانیش بۆ پاڵپشتیی مامۆستایان گردبوونەوە. هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەردەم پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی گوتی، ژمارەی خۆپێشاندەران بەراورد بە خۆپیشاندانەکانی رابردوو کەمترە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر مامۆستا لێرەن و ژمارەیەکی زۆر قوتابخانەش هەر داخراون.
هاوکات سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەڵەبجە گوتی، لە سەیدسادق خوێندنی پۆلی 12ـی ئامادەییش دەستی پێنەکردووەتەوە و، گردبوونەوەی بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ و میلاکیش بەردەوامە.
ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی مدیایی رووداو لە رانیە گوتی، ئەمڕۆ تەنیا مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەتەوە، بەڵام بەگشتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە کۆی نزیکەی 75 قوتابخانەی ئامادەیی، تەنیا یەک قوتابخانە هەیە کە دەوامی تێدا دەکرێت، ئەویش ئێوارانە.
هاوکات نوێنەرێکی ئەنجوومەن و ستافی ناڕەزایی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران، بایکۆتکردن ئەرکێکی زانستی و ئەخلاقییە.''
ئەو مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی گوتیشی، ''بۆیە تا ئەو کاتەی دڵنیادەبینەوە لە دەستەبەرکردنی کەشێکی گونجاو بۆ خوێندن کە تێیدا لانیکەمی توانا دارایی و پێداویستییە فێرکارییەکان دەستەبەر دەبن، جارێکی دیکە بایکۆتکردنی دەوام و هۆڵەکانی خوێندن رادەگەیێنین.''
بەگوتەی نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبەردەم زانکۆی سلێمانی، ئێستا ''نیمچە بایکۆت"ـە و بە تەواوی بایکۆتی خوێندن نەکراوە.
بڕیارە سبەی (دووشەممە، 6-11-2023) مووچەی مانگی ئابی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت. مووچەی مانگی ئابی وانەبێژانیش چەند رۆژێک لەمەوبەر دابەشکرا، بەڵام بایکۆتی مامۆستایان لە بەشێکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
رۆژی شەممە 4ـی 11-2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەكێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب هیچ مامۆستایەک ناگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەکان؛ تاوەکو داواکانمان جێبەجێ نەکرێن، ناگەڕێینەوە قوتابخانەکان و بایکۆت بەردەوام دەبێت".
ئەو مامۆستایە لەبارەی داواکانیشیانەوە گوتی، "مامۆستایانی دامەزراو (میلاک) دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول لەگەڵ ئاب و بەرزکردنەوەی پلەکانیان مەرجی گەڕانەوەیانە بۆ دەوام؛ وانەبێژانیش داواکارییان دامەزراندنیانە بەشێوەی گرێبەست."
13ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە، جگە لە چەند قوتابخانەیەکی ئەو سنوورانە کە دەوامی پۆلی 12ـیان دەستپێکردووەتەوە.
لە سنووری پارێزگەکانی هەولێر، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان، دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ