رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی فیلمی کوردی - نەرویجی "مای ئەنکڵ جێنس" لە نەرویج پێشوازی لێکرا، ئێستا لە فێستیڤاڵی فیلمی (South by Southwest)ـە کە لە تێکساسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
فیلمەکە لە دەرهێنانی بڕوا وەهابپوورە، تێیدا هەمزە ئاگوشی و پەیمان عەزیزپوور رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن.
دەرهێنەری فیلمەکە و ئەکتەری سەرەکی لە نەرویجەوە میوانی دیاسپۆرا بوون، سەرەتا بڕوا وەهابپوور دەرهێنەری فیلمەکەیە باسی نێوەڕۆکی فیلمەکەی کرد و رایگەیاند، کۆمەڵێک چیرۆکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دیکە لەنێو فیلمەکەدا هەن، فیلمەکە باس لە چیرۆکی گەنجێکی کورد دەکات کە لە کوردستان لەدایکبووە و بە منداڵی چووەتە نەرویج. کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە مامۆستایە و لەگەڵ دوو هاوڕێی لە خانوویەکدا دەژی.
بڕوا وەهابپوور، دەرهێنەری فیلمەکە راگەیاند: "شەوێک کەسێک دێتە بەردەرگەی ماڵەکەی، ئەویش مامی ئاکامە کە لە کوردستانەوە هاتووە بۆ سەردانی. لەوێوە چیرۆکی فیلمەکە دەستپێدەکات کە باس لە هەوڵەکانی مامەکەی دەکات بۆ فێرکردنەوەی کولتوور و زمانی کوردی بە ئاکام".
دەرهێنەری فیلمەکە ئاشکرای کرد، یەکەمجار 10 ساڵ لەمەوبەر لە زانکۆیەکی باکووری نەرویج، هەمزە ئاگۆشی بۆ کورتە فیلمێک هەڵبژاردووە، لەو کاتەوە چەند جارێک پێکەوە کاریان کردووە، بۆیە راستەوخۆ رۆڵی سەرەکی فیلمەکەی پێسپاردووە و هیچ تاقیکردنەوەیەکی ئەکتەری بۆ نەکردووە.
هەمزە ئاگۆشی، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە گوتی: "فیلمەکە بە زمانێکی درامی و کۆمیدیایی باس لە چەندین بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات، سیناریۆکە چەندین توخمی تێدایە کە سەرنجی بینەر رادەکێشێت".
گوتیشی: "فیلمەکە بۆ خەڵکی ئەورووپا و ئەمریکا سەرنجڕاکێشە، من تێیدا رۆڵی سەرەکیی مام یوونس دەگێڕم، کە بەشێکی چیرۆکی؛ رابردووی منە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ