رووداو دیجیتاڵ
سەید عەلی سەردەشتی، هونەرمەندی دیاری کوردستان لە سوێد کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی ناگەڕێندرێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان.
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کورد لە سوێد، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەید عەلی رەحیم پوور، ناسراو بوو بە سەید عەلی سەردەشتی، شەوی رابردوو لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد".
سەید عەلی سەردەشتی 9 ساڵ بوو رۆژهەڵاتی کوردستانی جێهێشتبوو و لە سوێد نیشتەجێ بوو و لەگەڵ کچ و زاواکەی کە برازایەتی، دەژیا.
سەید رەحیم رەحیم پوور، کوڕی سەید عەلی سەردەشتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەرمی سەید عەلی سەردەشتی هەفتەی داهاتوو لە سوێد بەخاک دەسپێردرێت و نایگەڕێننەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.
بە گوتەی کوڕەکەی، هەموو منداڵ و بەشێک لە کەسە نزیکەکانی باوکی لە دەرەوە دەژین، بۆیە بڕیاریانداوە تەرمەکەی لە سوێد بەخاک بسپێرن.
سەید رەحیم رەحیم پوور دەڵێت، باوکی پێنج مانگ بوو تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە ببوو و لە سێ چوار رۆژی رابردووشدا لە جووڵە کەوتبوو، 12 کاژێر پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات بردراوەتە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریی پزیشکدا بووە.
سەید عەلی رەحیم پوور ساڵی 1937 لە گوندی قۆزلووی گەورەی مهاباد لەدایکبووە. بە گەنجی دەچێتە سەردەشت و لەوێ دەست بە کاری هونەری دەکات و هەر لەو شارە و لە تەمەنی 22 ساڵی ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت. دواتر دەچێتە شاری مهاباد و لەوێ نیشتەجێ دەبێت.
سەید عەلی سەردەشتی لە ناسراوترین هونەرمەندانی بەندبێژ بوو بەتایبەت لە ناوچەی موکریانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشی زۆر لە هونەرمەندانی ئەو ناوچەیە خۆیان بە درێژەدەری رێگەی ئەو دەزانن و گۆرانییەکانی دەڵێنەوە.
سەید عەلی سەردەشتی سەرەڕای ئەوەی خوێندەواریی کەمی هەبوو، شیعری نووسیوە و گۆرانییەکانی تایبەتی خۆین. ئەو هەروەها لە نووسیندا شێوازێکی تایبەتی نووسینی هەبووە و هەر بۆ خۆی توانیویەتی بیخوێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ