رووداو دیجیتاڵ
حەمە هاشم، نووسەر و هونەرمەند، سێ کتێب لەبارەی هونەری شێوەکاری بڵاودەکاتەوە، پێشتریش چەند کتێبێکی دیکەی لەبارەی قۆناغه مێژووییهكانى ئەو هونەرە بڵاوکردووەتەوە و بە پێویستی دەزانێت کتێب لەبارەی شێوەکاری زیاتر چاپ و بڵاوبکرێنەوە.
حەمە هاشم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سێ کتێبی نوێی بەناوەکانی "مێژووی هونەر .. مێژووی مرۆڤ"، "پەیکەرسازی مۆدێرن" و "هونەری پۆستمۆدێرنیزم" بڵاوکردەوە، سێ کتێبەکە و کتێبەکانی دیکەی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بەردەست دەبن کە لە 9 بۆ 19ـی نیسانی 2025 بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کتێبخانەی کوردی لە رووی کتێبی هونەری، بەتایبەتیش هونەری شێوەکاری زۆر هەژارە و سەرچاوەی بە کوردی کەمە، بۆیە بە پێویستی زانی ئەو سێ کتێبە چاپ و بڵاوبکاتەوە.
روونیشیکردەوە، ئێستا ئەکادیمیا و پەیمانگەی هونەری زۆر لە کوردستان هەن و قوتابی و مامۆستا لەو سەرچاوانە سوودمەند دەبن، بەتایبەتیش بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە هونەری شێوەکاریدا. گوتیشی، بڵاوکردنەوەی سێ کتێبەکە، هەوڵێکە بۆ خزمەتکردن بە هونەری کوردی.
"پەیکەرسازی مۆدێرن" کتێبێکە تایبەت بە هونەری پەیکەرسازی، باس لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئازادی لە هونەری پەیکەرسازیدا دەکات و ئەو بنەمایانە دەخاتەڕوو کە لە هونەری مۆدێرنی پەیکەرسازیدا هەن، هەروەها ئەزموونی بەشێک لە پەیکەرسازان لەخۆدەگرێت.
"مێژووی هونەر .. مێژووی مرۆڤ" کتێبێکی 600 لاپەڕەییە و لێکۆڵینەوەیەکی وردە لەبارەی قۆناخە مێژووییەکانی سەرهەڵدانی هونەر، بەتایبەتیش سەردەمی چاخی بەردین و بڕۆنز، دواتر قۆناغی سەرهەڵدانی شارستانێتییەکانی مرۆڤایەتی، تا دەگاتە قۆناغی رێنیسانس و رێبازە هونەرییە تایبەتەکان، دواتریش هونەری مۆدێرن و پۆست مۆدێرن و میتا مۆدێرن.
کتێبی "هونەری پۆستمۆدێرنیزم" تیشک دەخاتە سەر بنەما سەرەتاییەکانی بناغەی پۆستمۆدێرن لە هونەردا، هەروەها چۆن "ئایدیا" وەک چەمکێکی گرنگ و کاریگەر رێگە بۆ هونەرمەند دیاریی دەکات.
حەمە هاشم، ساڵی 1973 لە قەزای کۆیەی سنووری پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، مامۆستای بەشی شێوەکارییە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، تاوەکو ئێستا 16 پێشانگەی تایبەتی لە شارەکانی کوردستان کردووەتەوە، جگە لە بەشداربوون لە چەند پێشانگەیەکی تایبەت و هاوبەش لە وڵاتانی جیهان، لەوانە ئەمریکا، فەرەنسا، هیندستان، ئەڵمانیا و پۆڵەندا.
حەمە هاشم، پێشتر چەند کتێبێکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە، بە ناوەکانی: "هونەری پیرۆز"، "ڤان کۆخ"، "رۆدا و هونەری ئەبستراکت"، "نامەکانی ڤان کۆخ" و "میکلانجلۆ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ